ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

مێرکاتۆی ریال مەدرید؛ بە دوای چ پێگەیەک دەگەڕێن، بەربژێرەکان کێن و کام یاریزانانە دەڕۆن؟

دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ریال مەدرید

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

هەفتەیەکی دیکەی هێمن بوو لەسەر ئاستی گواستنەوەکان، لە کاتێکدا سەرنجەکان لەسەر هەفتەی یەکەمی پێشوەرز لەژێر دەستی جۆزێ مۆرینیۆدا بوون.

دوو ناو لە بازاڕی گواستنەوەدا چەقی سەرنجەکانیان گرتووە، لە کاتێکدا راپۆرتەکان دووبارە رۆدریی یاریزانی مانچێستەر سیتی و مایکڵ ئۆلیسی یاریزانی بایرن میونشن بە ریال مەدریدەوە دەبەستنەوە. ئاتلێتیک، لە رۆژی شەممەدا بڵاوی کردەوە کە سەرچاوەکانی یانەکە بە بەردەوامی گووتوویانە ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی، کە وەکوو باشترین یاریزانی مۆندیالی 2026 دەستنیشان کرابوو، بەشێک نییە لە پلانەکانی ئەواندا.

پێگەی مەدرید لەسەر مایکڵ ئۆلیس بە نەگۆڕیی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا سەرچاوە نێوخۆیییەکان ئاماژە بە بەیاننامە فەرمییەکە دەکەن کە تێیدا نکۆڵییان لە هەر دانوستانێک سەبارەت بەو کردبووەوە. سەرچاوەکانی خاوەن پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ مەدریددا دەڵێن یانەکە ئەوەی روون کردووەتەوە کە گواستنەوەی ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە فەڕەنسییە لە بایرنەوە وەکوو شتێکی جێبەجێکراو لەم هاوینەدا سەیر ناکرێت.

رۆدری، ناوەڕاستکاری ئیسپانیا

پێویستە لە پێشوەرزدا چاومان لەسەر چ یاریزانێکی لاو بێت؟

ئاردا گولەر، ئێندریک، گۆنزالۆ گارسیا، فرانکۆ ماستانتونۆ و تیاگۆ پیتارچ.

گولەر هەمیشە لەلایەن یانەکەوە وەکوو یەکێک لە بەردی بناخەکانی پڕۆژەکەیان دەستنیشان کراوە، بەهۆی هێنانی ئاستێکی بەرزی تەکنیکی بۆ تیمێک کە پڕییەتی لە توانای جەستەیی و بەهۆی تێگەیشتنی تایبەتی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێدا.

پلانەکە پێش چەندین مانگ ئەوە بوو کە گۆنزالۆ لەم هاوینەدا بڕوات، لە کاتێکدا مەدرید پلانی هەبوو دەسەڵاتی بەسەر داهاتووی ئەودا بپارێزێت. بەڵام جۆزێ مۆرینیۆ دەیەوێت پێش پەسندکردنی رۆیشتنی، لە پێشوەرزدا سەیری بکات. لە یەکەم ساڵیدا لە ئاستی باڵادا، هێرشبەرەکە هەشت گۆڵی کرد و سێ ئاسیستی پێشکەش کرد، کە بە تێکڕا بەشداریی لە گۆڵێکدا دەکرد لە هەر 133 خولەکێکدا.

ئێندریک، کە مەدرید لە ساڵی 2022 بڕی تاوەکوو 60 ملیۆن یۆرۆی بە پالمێراس دا، لە سەردەمێکی خواستنی سەرکەوتووی نیوەوەرز لە لیۆنەوە گەڕاوەتەوە. یاریزانە بەڕازیلییەکە وەبەرهێنانێکی دارایی و وەرزشیی گرنگە لەلایەن یانەکەوە و جۆزێ مۆرینیۆ دەیەوێت نەوەکوو تەنیا وەکوو هێرشبەرێک بەڵکوو لە باڵی راستی هێرشبەریشدا یاریی پێ بکات.

ماستانتونۆ یەکەم وەرزی بێهیواکەری هەبوو دوای ئەوەی مەدرید هاوینی رابردوو 63.2 ملیۆن یۆرۆی لەپێناویدا خەرجکرد و یانەکە کراوە بوو بۆ گوێگرتن لە ئۆفەرەکان بۆ گواستنەوەی خواستن. سەرەڕای ئەوەش، لەو جۆرە یاریزانانەیە کە جۆزێ مۆرینیۆ بایەخیان پێدەدات و راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت لە پێشوەرزدا چاودێریی بکات.

پیتارچ درەوشاوەیەکی دیکەی وەرزی رابردووی ئەکادیمیایەکە بوو، بەتایبەتی لەژێر دەستی ئالڤارۆ ئاربێلوا، کە ئێستا راهێنەری فولهامە. هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر داهاتووی نەدراوە.

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید

بەدوای چ پێگە و یاریزانانێکدا دەگەڕێن؟

جۆزێ مۆرینیۆ سوورە لەسەر ئەوەی مەدرید دڵی بەرگرییەکی دیکە و یاریزانێکی دیکەی هێڵی ناوەڕاست بگوازێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، پەیامی یانەکە، چ لە نێوخۆدا و چ لە دەرەوەدا، ئەوەیە کە زۆربەی کارەکانی بازاڕی گواستنەوە تەواو کراون و ئێستا کاتی ئەوەیە یاریزانەکان بڕۆن.

کام یاریزانانە ئەگەری رۆیشتنیان هەیە؟

راوول ئاسێنسیۆی دڵی بەرگری و ئێدواردۆ کاماڤینگای یاریزانی هێڵی ناوەڕاست دوو یاریزانن کە یانەکە بیر لە ئۆفەرەکان دەکاتەوە بۆیان.

سەرەڕای ئەوەش، تاوەکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نەبووە کە هیچکامیان بیانەوێت بڕۆن. راهێنەرەکە قسەی لەگەڵ سەرجەم یاریزانەکاندا کردووە و بەرچاوڕوونیی لەسەر پلانەکانی بۆ ئەوان داوە و دەبێت ببینرێت ئایا ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button