جیهانگرنگترینمۆندیالی 2026

لیۆنێل مێسی و لامین یامال؛ چیرۆکی راستەقینەی پشت وێنە مێژووییەکەی 19 ساڵ لەمەوبەر

وێنەگرەکە چۆن وەسفی وێنەکە دەکات؟

Yariga App

یاریگا –

کاتێک لیۆنێل مێسی و لامین یامال لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، بازنەی گەشتێکی سەرسوڕهێنەریان تەواو کرد کە مێژووەکەی بۆ 19 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەستێرە لاوەکەی ئیسپانیا تەنیا منداڵێکی 6 مانگە بوو.

رۆژنامەی تێلێگراف چیرۆکی راستەقینەی پشت وێنەکە ئاشکرا دەکات و نووسیەتی، ئەم رووداوە ناوازەیە بەهۆی بلیتێکی تیروپشکەوە هاتووەتە ئاراوە و بووەتە یەکێک لە دەگمەنترین رێکەوتەکانی مێژووی تۆپی پێ.

چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟

مێسی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی تەمەن 20 ساڵی یانەی بارسێلۆنا بوو کاتێک لەگەڵ یامالی شەش مانگ، لە نێو تەشتێکدا، لەبەردەم کامێرا وەستا و وێنەیەک کە بە بێ ئەوەی کەس بزانێت، بووە دەروازەیەک بەرەو داهاتوو.

مێسی سەرەڕای تەمەنە بچووکەکەی یەکێک بوو لە باشترین یاریزانانی سەر زەوی، کە لە ئەکادیمیای بەناوبانگی لاماسیای بارسێلۆناوە پێگەیشتبوو. خێزانی یامال هەرگیز وێنەی ئەوەیان نەدەکرد کە منداڵەکەیان رۆژێک لە رۆژان شوێنپێی ئەو هەڵبگرێت.

چۆن روویدا؟

ئەم دیدارە بەڕێکەوت لە ساڵی 2007 بەهۆی تیروپشکێکی خێرخوازییەوە بوو کە لەلایەن رۆژنامەی سپۆرت بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ یونیسێف، کە ئەوکات رێکخراوەکە سپۆنسەری بارسێلۆنا بوو، رێکخرابوو.

تیروپشکەکە دەرفەتێکی دەگمەنی بە خێزانەکانی کاتالوونیا دەدا بۆ ئەوەی لە وێنەگرتنی رۆژمێرێکی ئامادەکراودا لەگەڵ یاریزانانی بارسێلۆنا بەشدار بن. خێزانی یامال، کە نزیکەی 25 میل دوور لە کامپ نۆو لە شارۆچکەی بچووکی ئیسپانیا دەژیان، یەکێک بوون لە براوە بەختەرەکان.

سەدان خێزان بەشدارییان لە تیروپشکە ساڵانەکەدا کردبوو و هەلی بردنەوە زۆر کەم بوو، تەنانەت لەوەشدا هیچ گەرەنتییەک نەبوو کە مێسی لەنێو ئەو یاریزانانەدا بێت کە خێزانی یامال چاویان پێی دەکەوێت.

ئەم وێنەیە تاوەکوو دوو ساڵ بەر لە ئێستا وەکوو گەوهەرێکی شاراوە مابووەوە، تاوەکوو کاتێک باوکی یامال، مونیر نەسراوی، وێنەکەی لەسەر ئینستاگرام لە کاتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 بڵاوکردەوە و لەسەری نووسی؛ دەستپێکی دوو ئەفسانە.

وێنەگرەکە چی گوتی؟

ژوان مۆنفۆرت، وێنەگری بەرپرسی ئەو وێنەگرتنە کە ئەوکات بۆ ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێس- AP کاری دەکرد، دیداری نێوان ئەم دوو مەزنەی تۆپی پێی بە ‘دەرفەتێک لە ملیۆنێکدا؛ وەسف کرد.

مۆنفۆرت پێشتر بە تۆڕی ئاتلێتیکی گوتبوو؛

وێنەیەکی سەخت بوو. دەتوانین بڵێین خوێنم رشت تاوەکوو گرتم، لیۆنێل مێسی ئێستاش شەرمنە. کاتێک دەستیپێکرد زۆر شەرمنتر بوو، لە سەرەتا کاردانەوەی زۆر نەبوو، بۆ هەموویان سەخت بوو، بەڵام بەهێواشی دەستیپێکرد و لە کۆتاییدا وێنەیەکی زۆر باش دەرچوو.

شتێکی باوەڕپێنەکراوە. لەو کاتەدا، هیچ کەسێک نەیدەتوانی وێنای ئەوە بکات کە ئەم منداڵە دەبێتە ئەمەی ئێستا و نەشتدەتوانی بزانی کە مێسیش دەبێتە ئەمەی کە لێی دەرچوو.

ئێمە باسی ساڵی 2007 دەکەین. مێسی تازە لە بارسا دەستیپێدەکرد. چارەنووس رۆڵێکی گرنگ لەم شتانەدا دەگێڕێت. لیستێکی 12 یاریزانیان پێدابووم، یەکێک بۆ هەر مانگێک. زۆرجار یاریزانانی تۆپی پێ دێن و دەڵێن ‘با بڕۆین، بیکەین، من پەلەمە، چیت دەوێت و ئامانجت چییە؟’ بەڵام دەبێت کاتی خۆت وەربگریت.

دەکرێت کەمێک سارد بێت، بەتایبەتی لە وێنەیەکدا کە پێویستت بە کارلێکی نێوان دوو کەس هەیە کە یەکتر ناناسن. کاتێک یەکێکیان منداڵێکی ساوا بێت و ئەوی دیکەیان 20 ساڵ بێت، دەکرێت سەختتر بێت، بەڵام زۆر باش دەرچوو. دایکەکە هاوکارییەکی زۆری کرد. ئامادەبوونی زۆر پێویست بوو تاوەکوو منداڵەکە هەست بە نامۆیی نەکات. تۆ بەدوای وێنەیەکی بەسۆزدا دەگەڕێیت، شتێکی شیرین و جوان.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button