چاوەڕواننەکراو؛ ناوبژیوانێکی ئەمریکی بۆ بەڕێوەبردنی یاریی ئینگلتەرا و ئەرجەنتین دەستنیشان دەکرێت
جێگەی سەرسوڕمان بوو

یاریگا –
فیفا، ئیسماعیل فاتحی ناوبژیوانی ئەمریکی دیاریکرد، کە پێشتر رێگەی بە یاریی جەستەیی توندی ئوروگوای بەرامبەر ئیسپانیادا.
ناوبژیوانی یاریی سبەینێی دووەم یاریی پێشکۆتایی مۆندیال لەنێوان ئینگلتەرا و ئەرجەنتین بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە. ئەم یارییە بەهۆی باکگراوندە سیاسییەکەیەوە کە پەیوەستە بە ململانێی دوورگەکانی فۆکلاند لە ساڵی 1982، هەمیشە هەستیار بووە، هەروەها مێژوویەکی تایبەتیشی هەیە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 1986 لە مەکسیک؛ ئەو یارییەی کە بە دوو گۆڵەکەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا یاد دەکرێتەوە: گۆڵی “دەستی خودا” و “گۆڵی سەدە”.
بۆ ئەم یارییە، فیفا بە شێوەیەکی کتوپڕ ئیسماعیل فاتحی ناوبژیوانی ئەمریکی دەستنیشان کردووە. ئەم ناوبژیوانە تەمەن 44 ساڵە لە ساڵی 2016ـوە ناوبژیوانی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 2012ـشەوە بە بەردەوامی لە خولی ئەمریکیدا کار دەکات.

فیفا پەنای بۆ ناوبژیوانێکی وڵاتی رێکخەر بردووە و ئەوەی جێی سەرنجە هیچ ناوبژیوانێکی یوێفا هەڵنەبژێردراوە، سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا زۆرترین ژمارەی ناوبژیوانی لەنێو ئەو 13 ناوبژیوانەدا ماوە کە بۆ یارییەکانی پێشکۆتایی و کۆتایی دەستنیشانکراون.
ئەمە دەبێتە چوارەم یاریی فاتح لەم مۆندیالەدا. ئەو یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانییەتییەکەدا لەنێوان هۆڵەندا و ژاپۆندا بەڕێوەبرد. یاریی دووەمی لەنێوان ئیسپانیا و ئوروگوای بوو، یارییەک کە بە شێوازی یاریکردنی توند و جەستەیی ئوروگواییەکان بەرامبەر یاریزانانی ئیسپانیا ناسرا، کە گەیشتە لووتکە کاتێک ئاگوستین کانۆبیۆ فاوڵێکی زۆر توندی لە دژی کوبارسی ئەنجامدا و بەو هۆیەوە یاریزانە ئوروگواییەکە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. ئێستا دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین سبەینێ لە یاریی پێشکۆتاییدا چی روودەدات کە چاوەڕوان دەکرێت بە ریتم و توندوتیژییەکی زۆر بەرزەوە ئەنجام بدرێت.

دواین یاریی ئەو لە قۆناخی 16 لەنێوان بەڕازیل و نەرویج بوو، کە کۆتایی بە کاروانی تیمی بەڕازیلی ژێر سەرپەرشتیی کارلۆ ئانچێلۆتی لە مۆندیالدا هێنا. هاوکارانی ئەمریکیی ئەو، کۆرنی پارکەر و کایل ماریانۆ وەکوو یاریدەدەری ناوبژیوان کار دەکەن. ماوریسیۆ ماریانیی ئیتالی دەبێتە ناوبژیوانی چوارەم و دانیێلی بیندۆنیی هاونیشتمانیشی وەکوو ناوبژیوانی پێنجەم دیاریکراوە.
ئەمە دووەم مۆندیالی فاتحە، دوای ئەوەی پێشتر لە مۆندیالی 2022ـی قەتەریشدا ناوبژیوانی کردووە. ئەو هاوكات لە یارییەکانی ئۆڵمپیادی 2021 و جامی ئاڵتونی کۆنکاکافی 2021 ناوبژیوان بووە. ئەو لە کازابلانکا لەدایکبووە و رەگەزنامەی ئەمریکی هەیە. فیفا هاوكات ئەویشی هەڵبژاردبوو بۆ بەڕێوەبردنی یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتینێنتالی ئەم دواییە، کە تێیدا پاریس سانجێرمان لە رێگەی لێدانە سزاکانەوە لە فلامێنگۆی بەڕازیلی بردەوە.



