
یاریگا –
هەولێر سکاڵای دژی کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی وەرزی رابردووی تیپەکەی تۆمار کردووە و گۆڵپارێزەکەش مەترسی راگیرانی لەسەرە.
بە فەرمی دەستەی کارگێڕی هەولێر لە لیژنەی کاروباری یاریزانان و راهێنەران لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، سکاڵایان لە دژی کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی ئێستای دهۆک تۆمار کرد، کارگێڕی هەولێر دەڵێن پێش تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر، گۆڵپارێزەکە گرێبەستی لەگەڵ دهۆک واژۆ کردووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیاریی دەستکەوتووە کە کارگێڕی هەولێر لەگەڵ سکاڵاکە بەڵگەی درووستیان پێشکەش کردووە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر و بە گوێرەی یاسای خولەکە، کومەیل سەعدی، لە قۆناخی یەکەم ناتوانێ یاریی بۆ دهۆک بکات و رادەگیرێت، بەڵام بە هیج شێوەیەک گرێبەستەکەی هەڵناوەشێنرێتەوە.
کومەیل سەعدی، تەمەنی 21 ساڵە و لە وەرزی رابردوو لە یانەی ئاریانای سویدیەوە پەیوەندی بە هەولێرەوە کرد بوو، ئاستێکی بەرزیشی پێشکەش کرد و توانی پلەی سێیەم لەگەڵ هەولێر بەدەست بهێنێت.



