ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌دەنگۆکانی مێرکاتۆگرنگترین

ئارسیناڵ لە کڕینی برۆنۆ گویمارێش دوودڵە؛ نرخی یاریزانەکە شۆکی کردوون

لە 50ـەوە بۆ 100 ملیۆن پاوەند

Yariga App

یاریگا –

ئارسیناڵ لە گواستنەوەی بڕونۆ گویمارێش دوودڵە و ئێستا پێداچوونەوە بە هەوڵەکانیدا دەکات، دوای ئەوەی لە سەرەتا لەلایەن نوێنەرانی یاریزانەکەوە وایان پێ گوترابوو کە تەنیا بە 50 ملیۆن پاوەند دەتوانن گرێبەستەکەی یەکلایی بکەنەوە.

رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، میکێل ئارتێتا سەرسامێکی گەورەی ئەستێرە بەرازیلییەکەیە و یانەکەی لەندەن هێشتا ئارەزووی گواستنەوەی دەکات، بەڵام هەڵوێستی توند و نەگۆڕی نیوکاسڵ سەبارەت بە نرخی یاریزانەکە شۆکی کردوون.

لە بنەڕەتدا، ئارسیناڵ تەنیا کاتێک هاتە سەر هێڵ کە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێیان گوترا دەتوانن کاپتنەکەی نیوکاسڵ بە نرخێکی هەرزان بگوازنەوە و ئۆفەرێکی 50 ملیۆن پاوەندی دەرگای دانوستانەکان دەکاتەوە.

دەرکەوت کە ئەم پێشبینییە پشتی بە گفتوگۆیەکی کۆنی نێوان نوێنەرانی گیومارێش و ئاماندا ستەیڤلی، هاوخاوەنی پێشووی نیوکاسڵ بەستووە، کە گوتبووی ئەگەر یانەکە نەگاتە چامپیۆنزلیگ، ئەوا ئامادەن گوێ لە ئۆفەرێکی لەو شێوەیە بگرن، بەڵام ئێستا ستەیڤلی لە یانەکە نەماوە، هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستەکەیدا نییە و ناوەڕاستکارەکە بەشێوەیەکی کردەیی تاوەکوو ساڵی 2030 بە یانەکەوەی بەستراوەتەوە.

نیوکاسڵ بە ئۆفەرەکانی ئارسیناڵ ئاشنا کراوە، بەڵام دانوستانەکان هیچ بەرەوپێشچوونێکیان بەخۆوە نەبینیوە چونکە نرخە پێشنیارکراوەکە زۆر کەمترە لە داواکارییەکانی نیوکاسڵ، تەنانەت بە گۆڕانکاری و پاداشتەکانیشەوە، ئۆفەری گەنەرز نەگەیشتووەتە 60 ملیۆن پاوەند.

لە بەرامبەردا، نیوکاسڵ پارەکەی بە کاش دەوێت و بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە داوای بڕە پارەیەک دەکەن هاوشێوەی ئەو 100 ملیۆن پاوەندەی کە سەرەتای ئەم مانگە تۆتنهام بۆ کڕینی ساندرۆ تۆنالی داویەتی.

 نوێنەرەکانی یاریزانەکە هەوڵ دەدەن فشار بخەنە سەر نیوکاسڵ، بەو پاساوەی گیومارێش هەموو شتێکی بۆ یانەکە کردووە و کاتیەتی بچێتە یانەیەک کە لە چامپیۆنزلیگ یاری دەکات و کێبڕکێی نازناوی پرێمەرلیگ دەکات، بەڵام نیوکاسڵ نایەوێت کاپتنەکەی لەدەست بدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 12 مانگی رابردوو دەستبەرداری ئالێکساندەر ئیساک، تۆنالی و ئانتۆنی گۆردنی بووە.

گیومارێش بە یانەکەی راگەیاندووە کە ئارەزووی پەیوەندیکردنی بە پاڵەوانی پرێمەرلیگەوە هەیە، بەڵام هاوکات رێز لە بڕیاری یانەکەشی دەگرێت. ئەو رەخنەگرێکی توندی ئەو هەڵوێستە بوو کە ئیساک ساڵی رابردوو گرتییەبەر کاتێک مانگرتنی بۆ چوونە لیڤەرپوول راگەیاند، بۆیە نایەوێت بە هەمان شێوە کێشە دروست بکات و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بگەڕێتەوە بۆ راهێنانەکان ئەگەر رێککەوتن نەکرێت.

 سەرەڕای توانای داراییان، ئارسیناڵ ئاگاداری رێساکانی تێچووی پێکهاتەکەیەتی. پێدانی زیاتر لە 80 ملیۆن پاوەند بۆ یاریزانێک کە کۆتایی ئەمساڵ دەبێتە 29 ساڵ، لەگەڵ مووچەی هەفتانەی 300 هەزار پاوەند، بارگرانییەکی زۆر گەورەیە و ئێستا رێز لە هەڵوێستی نیوکاسڵ دەگرن.

لەلایەکی دیکەوە، نیوکاسڵ لە بازاڕی گواستنەوە تووشی دوو گورزی دیکە بووە؛ کاتێک یۆهان مانزامبی بڕیاریدا بچێتە ئاستۆن ڤێلا لەبری نیوکاسڵ و تەنیا چەند هەفتەیەکیش پێش ئێستا ڤیکتۆر مونۆز رەتیکردەوە پەیوەندییان پێوە بکات و لیڤەرپوولی هەڵبژارد.

بابەتی زیاتر

Back to top button