
یاریگا –
دوای گرینگی پێدانی لەلایەن چەند یانەیەکەوە، دواجار چارەنووسی ئەحمەد زێڕۆی بەرگریکار یەکلابوویەوە.
یانەی شوڕتە بە فەرمی گەڕانەوەی ئەحمەد زێڕۆ، یاریزانی هەولێری بۆ ریزی یانەکەی راگەیاند، ئەحمەد لە وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن لە یانەی شوڕتەوە پەیوەندی بە هەولێرەوە کرد و توانی پلەی سێیەم لەگەڵ یانەکەی قەڵا و منارە بەدەست بهێنێت.
زێڕۆ لەلایەن یانەکانی گەڕمە و زاخۆ گرینگی زۆری پێدرا بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن، بەڵام یاریزانەکە گرێبەستی وەرزێکی لەگەڵ شوڕتە ماوە و بۆیە کارگێڕی شوڕته یاریزانەکەی گەڕاندەوە و مانەوەشی لە یانەکە بە فەرمی راگەیاند.
ئەحمەد زێڕۆ، تەمەنی 24 ساڵە و لە باڵی راستی بەرگری یاریی دەکات، سەرەتای دەرکەوتنی لەگەڵ یانەی دهۆک بوو، لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە زاخۆوە کرد، ساڵی 2021 پەیوەندی بە یانەی شوڕتە کرد و ماوەی چوار ساڵ لەو یانەیە بەردەوام بوو، وەرزی رابردووش بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە هەولێرەوە کردبوو.



