خەریکی تاوتوێکردنی جێهێشتنی چێڵسین؛ بریکارەکەی ئێنزۆ فێرناندێز بۆمبێکی گەورە دەتەقێنێتەوە
رێککەوتن لەگەڵ هیچ یانەیەک نییە

یاریگا –
یاریزانی پێشووی نێودەوڵەتی ئەرجەنتین خاڤیێر پاستۆری، کە ئێستا نوێنەری ئێنزۆ فێرناندێزە، لە کاتی چالاکییەکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین AFA لە مەیامی، لەگەڵ رۆژنامەی مارکا دەربارەی جامی جیهانی، داهاتووی ئێنزۆ و ئەگەری رۆیشتنی لە چێڵسی قسەی کرد.
چۆن چێژ لە جامی جیهانی وەردەگریت؟
سەیری جامێکی جیهانی پڕ لە کێبڕکێ دەکەم، لەگەڵ کۆمەڵێک تیم کە زۆر کەس چاوەڕوانی نەدەکرد بەم شێوازە باشە ئاست پێشکەش بکەن. زۆر خۆشە کە دەبینین هەموو یاریگاکان پڕن. سەیری سەرجەم یارییەکانی ئەرجەنتینم کردووە و زۆر دڵخۆشم بەوەی لە تیمەکە بینیومە.
دەکرێت یاریی کۆتایی نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا ببینین، کە دوو وڵاتە دڵخوازەکەی تۆن؟
ئەوە دەبێتە یارییەکی کۆتایی نایاب. پێم وایە فەرەنسا و ئیسپانیا بە ئەگەری زۆرەوە قورسترین رکابەرن کە بتوانین لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕوویان ببینەوە. هیوادارم سەرەتا ئێمە بگەینە ئەوێ، ئەوە گرنگترین شتە.
تۆ نوێنەرایەتیی ئێنزۆ فێرناندێز دەکەیت، بە بڕوای تۆ ئاستی چۆنە؟
ئاستێکی باش پێشکەش دەکات، زۆر ئەرێنییە و جامی جیهانییەکی زۆر باش بەڕێ دەکات. لە دوو یاریی سەرەتادا رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە یارمەتیدانی تیمەکە بۆ بردنەوەیەکی ئاسوودەبەخش.
ئەو وەکوو یاریزانێکی ناوەڕاستی بەرگری باشترە یام یاریزانێکیی ناوەڕاستی ناوەندی؟
رۆڵی ئێنزۆ لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر گۆڕاوە. ئەو وەکوو یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی قووڵایی و هەروەها وەکوو کەسێک کە دەچێتە نێو ناوچەی سزا یاریی کردووە. لەگەڵ ئەرجەنتین، ئەو لە قووڵایی ناوەڕاستەوە دەست پێدەکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی تاکە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە کە بەرەو پێگەکانی هێرشبەری دەچێت و لە مێسێ نزیک دەبێتەوە. ئەو یاریزانێکە کە زۆر بە باشی خۆی لەگەڵ هەر رۆڵێکدا دەگونجێنێت.
دەتوانیت ئەو لە ریال مەدرید ببینیت؟
بۆ ئێستا ئێنزۆ تەنیا بیر لە تیمی نیشتمانی دەکاتەوە. ئەو لە جامی جیهانیدا یاری دەکات و سەرنجی لەسەر گەیشتنە بە قۆناخی کرانەدەرەوە. ئەمە تەواوی ئەو شتەیە کە لە مێشکیدایە. سەبارەت بە ئێمەش، خەریکی تاوتوێکردنی ئەگەرەکانین بۆ جێهێشتنی چێڵسی، بەڵام هیچ شتێکی روون یان رێککەوتن لەگەڵ هیچ یانەیەکدا نییە.
ئەو پێشتر گوتوویەتی کە حەزی بە مەدریدە…
ئەو هاوڕێی زۆری لەوێ هەیە. زۆر لە خولیان ئالڤارێزەوە نزیکە و هەر کاتێک کاتی بەتاڵیان هەبێت، پێکەوە لە مەدرید بەسەری دەبەن. من خۆشم لەوێ دەژیم. هەر جارێک ئێنزۆ گەشتی بۆ ئەوێ کردبێت، بۆ بینینی من و راپەڕاندنی کاروباری پەیوەندیدار بە کار بووە. بەڵام بە راستی، کێ حەزی بە مەدرید نییە؟ من تەنانەت هەرگیز لەوێ یاریشم نەکردووە و هەر لەوێش دەژیم.
تۆ ئەفسانەیەکی پاریس سانجێرمانیت. باڵادەستی ئەوان لە ئەورووپا تاوەکوو کەی دەتوانێت بەردەوام بێت؟
ئەوان خاوەنی پێکهاتەیەکن کە توانای مانەوەی لە لووتکەدا هەیە. گەنج و بەپەرۆشن، پێداگرن لەسەر بەردەوامبوون لە بردنەوە. هەروەها خاوەنی راهێنەرێکن کە بە تەواوەتی لە یاریزانەکان و دۆخی یانەکە تێگەیشتووە. بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بە شێوازی یەک لە دوای یەک شتێکی باوەڕپێنەکراوە و من بڕوام وایە ئەوان لەسەر ئەو رێڕەوە بەردەوام دەبن. لویس ئێنریکێ راهێنەرێکی یەکجار بەپەرۆشە و یانەکە هەموو ئەو شتانەی پێداوە کە پێویستیەتی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر.
لەم تیمەی پاریس سانجێرمان جێگەت دەبووەوە؟
نەخێر، تەنانەت نزیکیش نەبووم! [بە پێکەنینەوە]



