ئه‌ڵمانیاگرنگترین

مانشافت لە قەیراندایە و کڵۆپ چاوەڕێی تەلەفۆنێکە؛ راهێنەرەکە ئامادەیە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەڵمانیا وەربگرێت

مەرجە تایبەتەکانی کلۆپ بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی ئەڵمانیا چیین؟

Yariga App

یاریگا –

دوای ماڵئاواییکردنی کتوپڕی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2026 بەرامبەر پاراگوای، پێگەی یولیان ناگلیسمان وەکوو راهێنەری هەڵبژاردەکە زۆر لاواز بووە.

سەرەڕای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا هێشتا راهێنەرەکەی دوورنەخستووەتەوە، بەڵام یورگن کڵۆپ وەکوو بەهێزترین پاڵێوراو بۆ شوێنگرتنەوەی دەبینرێت.

رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە خەونە گەورەکانی کلۆپ لە جیهانی تۆپی پێدا، راهێنەرایەتیکردنە لە پاڵەوانێتییەکی وەکوو مۆندیال بۆیە بە پەرۆشەوە پێشوازی لە بیرۆکەی سەرکردایەتیکردنی ئەڵمانیا دەکات بۆ یۆرۆی 2028و مۆندیالی 2030.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر رێککەوتنێک لە نێوان کلۆپ و فیدراسیۆنی ئەڵمانیا بکرێت، دەبێت لەگەڵ بارودۆخی راهێنەرەکە بگونجێنرێت؛ چونکە پێناچێت کلۆپ بیەوێت هەموو کۆتایی هەفتەیەک بەنێو یاریگاکانی خولەکانی ئەوروپا بگەڕێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی یاریزانان.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەیەوێت شێوازی چاودێریکردنی یاریزانان بگۆڕێت و زیاتر پشت بە تیمێکی شیکاری و چاودێری ببەستێت، بۆ ئەوەی خۆی لە ماندووبوونی گەشتکردنی بەردەوام بپارێزێت.

لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2014ـەوە، ئەڵمانیا نەیتوانیوە هیچ یارییەکی قۆناخی کرانەدەرەوە لە سێ مۆندیالی دواتردا بباتەوە و کرانەدەرەوەی ئەمجارەشیان بەرامبەر پاراگوای مێژوویی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویاندا لە مۆندیالدا بە لێدانی یەکلاییکەرەوە دۆڕان.

 کڵۆپ بەرپرسی بەشی تۆپی پێییە لە کۆمپانیای رێدبول بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، کۆمپانیاکە هیچ رێگرییەک ناکات ئەگەر کلۆپ پۆستی راهێنەرایەتی ئەڵمانیای پێشکەش بکرێت، بەڵام دەبێت فیدراسیۆنی تۆپی پیی ئەڵمانیا کات و شێوازی دەستبەرداربوونی یان رێکخستنەوەی ئەرکەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بەڕوونی دیاریبکات، پێش ئەوەی بەفەرمی پۆستەکە وەربگرێت.

یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی کڵۆپ ئەوەیە تاوەکوو کۆتاییهاتنی مۆندیال هیچ هەنگاوێکی فەرمی و ئاشکرا نەنرێت، چونکە وەکوو شیکەرەوە بۆ هەر 104 یارییەکەی مۆندیال گرێبەستی لەگەڵ کەناڵی MagentaTV هەیە؛ دەیەوێت بەتەواوی دوور بێت لە قسەوباسی جێگرتنەوەی ناگلیسمان تاوەکوو ئەو کاتەی فیدراسیۆنەکە چارەنووسی راهێنەرەکە یەکلایی دەکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button