هەوڵی دەرکردنمتان داوە؛ یاخیبوونی یاریزانەکان و تووڕەیی مارسێلۆ بێڵسا پێش یارییەکەی ئیسپانیا
بێڵسا بۆ ماوەی 48 خولەک یاریزانەکانی ئورۆگوای سەرزەنشت دەکات

یاریگا –
تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش رووبەڕووبوونەوە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا، قەیرانێکی نێوخۆیی قووڵ بەرۆکی کامپی هەڵبژاردەی ئورۆگوای گرتووە.
پێگەی El Espectador ـی ئوروگوایی بڵاوکردووەتەوە، درزێکی گەورە کەوتووەتە نێوان مارسێلۆ بێڵسای راهێنەر و ئەستێرە دیارەکانی تیپەکە، کە دۆخەکەی لە ژووری خۆگۆڕین گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، سێ لە دیارترین ئەستێرەکانی تیپەکە، کە پێکهاتبوون لە فیدریکۆ ڤالڤێردی، مانوێل ئوگارتی و رۆدریگۆ بێنتانکۆر، داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەگەڵ راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، یاریزانەکان بەڕاشکاوی ناڕەزایەتیی توندیان بەرامبەر بەو شێوازی مەشق و یاریپێکردنەی کە بێڵسا پەیڕەوی دەکات، دەربڕیوە و پێیان راگەیاندووە کە ئەم شێوازە لەگەڵ تواناکانیاندا ناگونجێت، بەتایبەتی، یاریزانەکان رەخنەیان لە قورسی و چڕیی یەکە مەشقییەکان گرت، کە بە بڕوای ئەوان بووەتە هۆکاری سەرەکیی شەکەتبوون و پێکانی بەشێک لە هاوڕێکانیان لە پاڵەوانێتییەکەدا.
سەرەڕای رەخنەگرتن لە مەشقەکان، کێشەیەکی دیکەی گەورە لەسەر شێوازی تاکتیکی یارییەکەی ئیسپانیا دروست بوو. یاریزانەکان داواکارییەکیان خستووەتە بەردەم راهێنەر بۆ ئەوەی بە هێڵێکی بەرگریی نزم یاری بکەن و زیاتر پشت بە هێرشی پێچەوانە ببەستن، بەڵام بێڵسا بە توندی ئەمەی رەتکردووەتەوە و پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت بە شێوازی بەرگریکردنی ‘مان توو مان’ رووبەڕووی ئیسپانیا ببنەوە.
ئەم ناکۆکییە قووڵانە وایکردووە بێڵسا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە سەرجەم یاریزانەکانی پێکهاتەکە بکات و بۆ ماوەی 48 خولەکی تەواو قسەی بۆ یاریزانەکان کردووە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر نامۆ؛ بە درێژایی ئەو کاتە بە بێ ئەوەی سەری بەرز بکاتەوە و سەیری چاوی هیچ یاریزانێک بکات، سەیری زەوییەکەی کردووە و بە توندی سەرزەنشت و سەرکۆنەی کردوون.
لە میانەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە برینە کۆنەکانیشی هەڵدایەوە و بە ئاشکرا بە یاریزانەکانی گوتووە کە دەزانێت بەشێکیان هەوڵی دوورخستنەوەیان داوە، ئەمەش وەکوو کاردانەوەیەک بۆ ئەو کێشانەی پێشتر لەگەڵ لویس سوارێز و ناهیتان ناندێز هەیبووە.
بۆ سەلماندنی پێگەی خۆیشی، بێڵسا بە یاریزانەکانی گوتووە کە ئەو ئەندازیاری دروستکردنی کاروانی وەرزشیی هەندێکیانە، بە نموونە؛ مارتین کاسێرێس و ماکسی ئاراوخۆ.
لە کۆتاییشدا، بێلسا بە یاریزانەکانی گوتووە، هۆکاری بانگهێشتکتردنی هەندێک یاریزان کە سەرەڕای ئەوەی پێکانیان هەبووە، ئەوەیە کە ئەوانە بوون دڵسۆزییان بۆ ئەو سەلماندووە و لەو کاتەی هەوڵی دوورخستنەوەی دراوە پشتی پێ بەستوون.



