جیهانگرنگترینمۆندیالی 2026

هەنگاوێکی کتوپڕ؛ فیفا لە ناوەڕاستی مۆندیال شێوازی جێبەجێکردنی لێدانە یەکلاییکەرەوەکان دەگۆڕێت

یاسا نوێیەکەی فیفا بۆ پێناڵتییەکان چییە و چۆن جێبەجێ دەکرێت؟

Yariga App

یاریگا –

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، بەرپرسانی فیفا دەیانەوێت لە ناوەڕاستی مۆندیالی 2026 یاسای لێدانە یەکلاییکەرەوەکان بگۆڕن، ئەوەش رێک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی قۆناخی کرانەدەرەوە.

رۆژنامەی میرەر ـی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، لە هەنگاوێکی کتوپڕدا بەرپرسانی فیفا سەرقاڵی گۆڕینی یاسای لێدانە یەکلاکەرەوەکانن و بڕیارە لە مۆندیالی 2026 جێبەجێبکرێت.

یاسا نوێیەکە چییە و چۆن کار دەکات؟

بەگوێرەی یاسای ئێستا، پێش دەستپێکردنی لێدانە یەکلاییکەرەوەکان ناوبژیوان دوو جار تیروپشک دەکات؛ یەکەمیان بۆ دیاریکردنی ئەو گۆڵەی لێدانەکانی تێدا جێبەجێ دەکرێت، دووەمیشیان بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام تیپ یەکەم لێدان جێبەجێ بکات، بەڵام پێرلوجی کۆلینا، بەرپرسی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا، دەیەوێت لەم مۆندیالەدا گۆڕانکارییەک بکات بەم جۆرە؛

تەنیا یەک تیروپشک لە نێوان کاپتنی هەردوو تیپەکەدا دەکرێت، براوەی تیروپشکەکە مافی ئەوەی دەبێت ئەو گۆڵە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت لێدانەکانی تێدا جێبەجێ بکرێت، لە بەرامبەردا، کاپتنی تیپەکەی دیکە [دۆڕاوی تیروپشکەکە] بڕیار دەدات کە کام تیپ یەکەم لێدان جێبەجێ بکات.

فیفا پێی وایە ئەم شێوازە نوێیە یەکسانی و دادپەروەریی زیاتر بۆ هەردوو تیپەکە دابین دەکات لە کاتی لێدانە یەکلاییکەرەوەکاندا.

پەلەکردن لە بڕیارەکە و پاڵنەرەکانی

بەرپرسانی فیفا گفتوگۆی خێرایان لەگەڵ دەستەی یاسادانانی تۆپی پێ کردووە و بڕیارە رۆژی شەممە لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆییەوە ئەم یاسایە پەسەند بکەن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە یارییەکانی قۆناخی دەرکردن لە رۆژی یەکشەممەوە کاری پێ بکرێت.

ئەمە وەکوو تاقیکردنەوەیەک دەبێت لەم مۆندیالەدا و راستەوخۆ نابێتە یاسایەکی هەمیشەیی بۆ پاڵەوانێتییەکانی وەرزی داهاتووی یانەکان.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم دواییە، کاتێک یانەی ئارسیناڵ لە هەردوو تیروپشکەکە دۆڕا و دواتر یارییەکەی بە پاریس سان جێرمان دۆڕاند.

پێشتریش دەیڤد دین، سەرۆکی پێشووی ئارسیناڵ، پێشنیاری کردبوو کە لێدانەکان لە هەردوو گۆڵەکەدا جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی هیچ تیپێک نەبێتە قوربانیی فشاری هاندەرانی رکابەرەکەی لە پشت گۆڵەکەوە، بەڵام ئەم پێشنیارە جێبەجێ نەکرا و فیفا بڕیاریدا پەنا بباتە بەر گۆڕینی یاسای تیروپشکەکە.

Back to top button