شێروانە راهێنەری وەرزی رابردووی چوارقوڕنەی دەوێت
رێککەوتن لە نێوان شێروانە و مەحمود مەجید کراوە؟

یاریگا –
شێروانە راهێنەری وەرزی رابردووی چوارقوڕنەی دەوێت و گفتوگۆی سەرەتایش لە نێوان هەردوولا دەستی پێکردووە.
بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان و خولی پلە سێی عێڕاق، شێروانە لە یەکەم کاریدا دەیەوێت راهێنەر بۆ تیپەکەی دیاریی بکات، بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا کارگێڕی شێروانە پەیوەندیان بە مەحمود مەجید، راهێنەری وەرزی رابردووی چوارقوڕنە کردووە بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە وەربگرێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی کە راهێنەرەکە داوای مووچە و گرێبەستێکی زۆری کردووە لە یانەی شێروانە، بۆیە کارگێڕی شێروانە لە گرێبەست کردن لەگەڵ ئەم راهێنەرە کشاونەتەوە و بیر لە راهێنەرێکی دیکە دەکەنەوە.
شێروانە لە وەرزی رابردوو ریزبەندی حەفتەمی لە خولی نایابی کوردستان بە دەستهێنا، لە خولی پلە سێی عێڕاقیش نەیتووانی بگاتە خولی پلە دوو دوای ئەوەی لە دوا یارییدا بەرامبەر یانەی دیر شکستی هێنا.
مەحمود مەجید، وەرزی رابردوو لەگەڵ چوارقوڕنە ریزبەندی هەشتەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنابوو، پێشووتریش راهێنەرایەتی یانەکانی گازی باکوور، پێشمەرگەی سلێمانی، رەمادی، برایەتی، ئاکرێ لەگەڵ هەڵۆی کردووە.



