دیاردەی مۆندیال؛ مولەر ئامۆژگاریی بایرن میونشن دەکات بیر لە گواستنەوەی بکاتەوە
دەتوانێت یاریزانان ببڕێت و گۆڵیش بکات

یاریگا –
یاریزانە تەمەن 20 ساڵەکەی سویسرا دوای درەوشانەوەی لە بەرامبەر بۆسنە، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا و ستایشی گەورەی دەکرێت.
قورسە کە باوەڕ بکەیت کە یۆهان مانزامبی (لەدایکبووی ژنێف، 2005) شوێنێکی جێگیری لە پێکهاتەی سەرەکیی سویسرادا نییە. ئەو بەم دواییانە یارمەتیی فرایبۆرگی دا بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ و بووە جێگرەوەی یاریزانانی وەکوو رایان شەرقی، فلۆریان ڤێرتز و ئانسگار ناوف وەکوو باشترین یاریزانی لاویی پاڵەوانییەتییەکە.
تۆمارکردنی 7 گۆڵ و 9 ئەسیست لە 47 یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا، ئەو وەکوو یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی تەواو نیشان دەدات. لەو 25 خولەکەی مۆرات یاکین لە بەرامبەر قەتەر (1-1) پێیدا، چەندین نیشانەی کوالێتیی بەرزی نیشاندا و لەو 19 خولەکەی لە بەرامبەر بۆسنەشدا (4-1) یاریی کرد، جارێکی دیکە لەسەر کورسیی یەدەکەوە هاتە ناوەوە و پێگەی خۆی بە تەواوی سەلماند.
مانزامبی لە خولەکی 71 لە شوێنی دان ئێندۆی هاتە نێو یاریگا لە کاتێکدا ئەنجامەکە هێشتا 0-0 بوو، لە کۆتاییدا خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەدەستهێنا. ئەو بووە لاوترین یاریزانی نێودەوڵەتیی سویسری (لە تەمەنی 20 ساڵ و 247 رۆژیدا) کە دوو گۆڵ لە یەک یاریی مۆندیالدا بکات و یەکەم یاریزانی سویسریشە لە مێژوودا کە دوای هاتنە ناوەوەی وەکوو یەدەک ئەم کارە بکات.

یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی فرایبۆرگ، کە خاوەن رەچەڵەکێکی ئەنگۆلی و کۆنگۆییە، لە خولەکی 74 دەرگای گۆڵی کردەوە. ئەو تۆپەکەی وەرگرتەوە، دایە رۆبن ڤارگاس و پاشان بە لێدانێکی نایاب کۆتایی بە گۆڵەکە هێنا دوای دوورخستنەوەیەکی لاوازی تۆپەکە لەلایەن عەمار مێمیچەوە. ماوەیەکی کورت دواتر، لە خولەکی 80 بووە هۆی دەرکردنی تارق موهارێمۆڤیچ بە کارتێکی سوور، ئەمەش دوای پاسێکی ناوازە کە بڕێل ئیمبۆلۆی خستە دۆخی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڵپارێز نیکۆلا ڤاسیل.
ئەمە هەموو شتێک نەبوو؛ مانزابی دەستی بەو هێرشە کرد کە لە خولەکی 84 بووە هۆی ئەوەی رۆبن ڤارگاس ئەنجامەکە بکاتە 2-0 و گۆڵی سێیەمی خۆی و چوارەمی تیمی نیشتمانی لە خولەکی 90 کرد دوای کۆتاییهێنان بە پاسێکی کورت لەلایەن باڵەکەی سێڤییاوە.
یاریزانەکەی پێشووی ئەکادیمیای سێرڤێت گوتی:
پێدەچێت ئەمە باشترین ساتی کاروانی وەرزشییم بێت تاوەکوو ئێستا. ئەمە یەکەم دوو گۆڵی کاروانی وەرزشیمە لە یەک یاریدا و ئەنجامدانی لە مۆندیالدا شتەکە زۆر تایبەتتر دەکات. پێناچێت ئەمشەو بتوانم بخەوم، ئەمە خەونێکی منداڵییە. راهێنەر هەندێک ئامۆژگاریی پێدام و پێی گوتم شێوازی یاریی خۆم پێشکەش بکەم. ئامانجم دوو گۆڵ بوو لە مۆندیالدا و لە ئێستاوە ئەوەم کردوو! ئێستاش هیوادارم گۆڵی زیاتریش بەڕێوەبن.

مورات یاکینی راهێنەر هیچ چارهیهكی نهبوو جگە لە ستایشکردنی ئەم یاریزانە کاریگەرە یەدەکەی و گوتی:
مانزامبی خاوەنی توانایەکی سەرسوڕهێنەری تۆپی پێیە. ئێمە دەتوانین لە رۆڵی جیاوازدا بەکاری بهێنین: لە قووڵایی بەرگریدا، لە هێڵی ناوەڕاست، یان لە باڵەکان… ئەو یاریزانێکی سەر شەقامەکانە، لەو جۆرانەی کە پێویستیان بە ئازادی هەیە. ئەو ئازادییەی لە هێرشبردندا هەیە. خۆتان بینیتان: دەتوانێت فشار دروست بکات، بە باشی بڕیاردەدات لە تێپەڕاندنی یاریزاناندا و دەشزانێت چۆن کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت.
یاریزانەکەی فرایبۆرگ نەوەکوو تەنیا لە سویسرا بەڵکوو لە سەرانسەری جیهاندا دەنگدانەوەی دروست کردووە. باستن شڤاینشتایگەر لەو بارەیەوە گوتی:
مانزامبی دەزانێت لە هەر مەترێکی چوارگۆشەی یاریگادا چی بکات. ئەو یاریزانێکی تەواوە؛ زۆر رادەکات، تەکنیکێکی نایابی هەیە، دەتوانێت یاریزانان ببڕێت و گۆڵیش بکات.
یاریزانێکی دیکەی پێشووی بایرن میونشن، تۆماس مۆلەر، لە شاشەی MagentaTV هاوڕای ئەم بۆچوونە بوو و گوتی:
مانزامبی یاریزانێکە کە پێویستە بایرن میونشن بیر لە گواستنەوەی بکاتەوە. ئەو هەمەچەشنە و بە ئازادییەوە یاری دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێگەیشتوویی لە بڕیاردان و رەوشتی کارکردنیدا بەدی دەکرێت. دەتوانێت وەکوو یاریزانی ژمارە 6، ژمارە 9، یان ژمارە 10 یاری بکات… لە راستیدا ئەو درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت، بۆیە رەنگە تەنانەت وەکوو هێرشبەریش بیبینین.
ماتس هۆمێڵس لە وەڵامدا گوتی:
بایرن… یان بۆرووسیا دۆرتموند. بێگومان ئەو داهێنەرترین یاریزانی هێرشبەر بوو. ئەو هەمیشە کەسێک بوو کە هێرشەکانی دەست پێ دەکرد و بەهۆی کوالێتیی تاکەکەسیی خۆیەوە زۆرترین دەرفەتی دروست دەکرد.
هەر یانەیەک کە بیوێت گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات، پێویستە ئۆفەرێکی دارایی گەورە ئامادە بکات، چونکە بێگومان بە نرخێکی هەرزان دەستبەرداری نابن.



