کێشەیەکی دیکەی مۆندیال؛ یاریزانێک بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیر دەکرێت و بەبێ کێشە لە مۆندیال یاریی دەکات
چارەنووسی بۆ یاریی داهاتوو نادیارە

یاریگا –
ئێلی واهی، یاریزانی هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار، کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە یاریکردن بە ئەنجامی یاری و قوماریی نایاسایی دەستگیر کرابوو، ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات.
تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێک ئاشکرای کردووە، ئێلی واهی، هێرشبەری هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار، کەمتر لە دوو هەفتە پێش دەستپێکی مۆندیالی 2026، بە تۆمەتی تێوەگلان لە فێڵکردن و قوماری نایاسایی. لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستگیر کرابوو.
EXCLUSIVE: Ivory Coast starting striker Elye Wahi arrested on suspicion of alleged fixing offences just two weeks before World Cup.
The 23-year-old has not been charged but remains subject of an active investigation.https://t.co/nUvcDULuBg
— Jacob Whitehead (@jwhitey98) June 17, 2026
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، واهی بە یاریکردن بە رووداوەکانی نێو یاری تۆمەتبارە و گومان دەکرێت لە یاریی نێوان یانەکەی [نیس] و یانەی مێتز لە خولی فەرەنسی لە بەرواری17ـی ئایار، بەئەنقەست و بەمەبەست کارتی زەردی وەرگرتبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی قازانجێکی زۆر بەو کەسانە بگەیەنێت کە لە بازاڕی قومارکردندا گرەویان لەسەر وەرگرتنی کارتی زەرد بۆ ئەم یاریزانە کردبوو.
دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا تێبینیی جووڵەیەکی نائاسایی و قەبارەیەکی گەورەی گرەوکردنی لەسەر کارتە زەردەکەی واهی کرد، پۆلیسی فەرەنسا لە 29ـی ئایار راستەوخۆ دوای ئەوەی واهی دوو گۆڵی گرنگی بۆ نیس کرد، دەستگیری دەکەن.
دواتر دوای لێکۆڵینەوەکان لە بنکەی پۆلیس، یاریزانەکە ئازاد کرا، بەڵام دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە هێشتا بەکراوەیی ماوەتەوە.
بەشداری لە مۆندیال و بێدەنگیی فیفا
سەرەڕای ئەم ئابڕووچوونە گەورەیە، ئێلی واهی گەشتی ئەمریکای کردووە و لە یەکەم یاریی کۆتدیڤوار بەرامبەر ئیکوادۆر بەشداری کرد و تاوەکوو ئێستا فیفا هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە سەبارەت بەوەی پێشتر ئاگاداری ئەم دۆسیەیە بوون یان نا.
چارەنووسی نادیار لە کەنەدا
یاریی داهاتووی کۆتدیڤوار لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە کە بڕیارە لە کەنەدا بەڕێوەبچێت. بەهۆی ئەوەی پێشتر کەنەدا رێگەی نەداوە تۆماس پارتی، یاریزانی هەڵبژاردەی گانا، بێتە نێو خاکەکەیەوە بەهۆی دۆسییەیەکی یاساییەوە، چارەنووسی گەشتکردنی واهی بۆ کەنەدا هێشتا نادیارە و رەنگە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کەنەداوە رێگری لێ بکرێت.



