ئەنجامی کۆتایی؛ فەرەنسا بەربەستی سێنیگالی تێپەڕاند
کەڵەشێرەکان سێ خاڵی گرنگیان بەدەستهێنا

یاریگا –
لە یەکێک لە یارییە چاوەڕوانکراوەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی فەرەنسا و سێنیگال رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لەمیانی یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026 و لە کۆمەڵەی نۆیەم فەرەنسا و سێنیگال رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، یارییەکە ئاستێکی بەرزی بەخۆیەوە و بینی و ئەنجامی کۆتایی بە سەرکەوتنی فەرەنسا 3-1 کۆتاییهات.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە گێمی یەکەم بە ئاستێکی خراپ دەرکەوت بەڵام لە گێمی دووەم جارێکی دیکە هێز و ئەزموونی خۆی لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا سەلماند و سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر هەڵبژاردەی سێنیگال بەدەستهێنا. یارییەکە کە پڕ بوو لە رکابەریی جەستەیی و تاکتیکی، تێیدا کەڵەشێرەکان توانیان بە وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ خێرایی و هێزی یاریزانانی سێنیگال بکەن و سێ خاڵی گرنگ بخەنە سەر خەرمانەکەیان.
گۆڵەکانی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا لەلایەن کیلیان ئێمباپێ دوو گۆڵ و برادلی بارکۆلا کران، گۆڵەکەی سێنیگالیش لەلایەن ئیبراهیما ئێمباپێ کرا.
هەڵبژاردەی فەرەنسا و سێنیگال هاوشانی عێراق و نەرویج دەکەونە کۆمەڵەی I.



