ئیسپانیاگرنگترین

مۆرینیۆیەکی دیکە بەڕێوەیە؛ شێوازی سەرکردایەتیکردنی خۆی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاریزاناندا دەگۆڕێت

جیاوازە لە خولی یەکەم

Yariga App

یاریگا –

جۆزێ مۆرینیۆ مۆدێلی سەرکردایەتیکردنی خۆی گۆڕیوە، ئێستا زیاتر لەسەر بنەمای بنیاتنانە نەوەکوو رووبەڕووبوونەوە. ئەزموون وای لێکردووە لە هەڵبژاردنی ئەو شەڕانەی دەیانکات، دەستبژێرتر بێت.

لە بێنفیکا، مۆرینیۆ ناچار بوو مامەڵە لەگەڵ دۆخێکدا بکات کە روونی دەکاتەوە چۆن شێوازی سەرکردایەتیکردنی گۆڕاوە. شێلدێروپ بە ناوبانگی یەکێک لە گەشاوەترین بەهرەمەندە لاوەکانی ئەورووپا گەیشت، بەڵام نەیتوانی ئاستی پێویست پێشکەش بکات. دوور لە دەستبەرداربوون لێی، راهێنەرەکە تێگەیشت کە پێویستە زیاتر لەسەر لایەنی دەروونی یاریزانەکە کار بکات.

ئەمە تەنانەت گرنگتر بوو کاتێک هەموو شتێک بۆ یاریزانەکە بە ئاراستەیەکی خراپدا رۆیشت. لە تشرینی دووەمی 2025، شێلێدروپ لە رێوشوێنی یاسایی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی سێکسی کە مێردمنداڵێکی تێدابوو تێوەگلا، دۆخێک کە هاوشێوەی ئەو ئەزموونە بوو کە راوول ئاسێنسیۆ لە ریال مەدرید پێیدا تێپەڕی.

مۆرینیۆ بڕیاریدا پارێزگاری لە یاریزانەکە بکات. ئەو پێی وابوو ئێستا ئەو ساتەیە کە شێلدێروپ زۆرترین پێویستی بە پاڵپشتی ئەو هەیە. لە هەمان کاتدا، داوای پابەندبوونی بەرگریی زیاتر، شەڕانگێزیی رکابەرانەی زیاتر، توندی زیاتر و بەردەوامیی گەورەتری لێکرد بۆ ئەوەی یاریزانەکە بتوانێت بە هەمووانی نیشان بدات کە بەڕاستی چ جۆرە یاریزانێکە. ئەمەش کاریگەری هەبوو.

ئاندێرێسێیاس شێلدێروب، یاریزانی بێنفیکا

بێنفیکا لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا نزیک بوو لە فرۆشتنی شێلدێروب بە یانەی کلەب بروج بە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ. مۆرینیۆ دژی ئەم هەنگاوە وەستایەوە و توانی شێلدێروپ لە یاریزانێکەوە کە وەکوو زیادە سەیر دەکرا، بگۆڕێت بۆ یەکێک لە ئەستێرەکانی وەرزەکە، کە وەرزەکەی بە 10 گۆڵ، دووانیان لە بەرامبەر ریال مەدرید و 7 ئەسیست کۆتایی پێهێنا.

یاریزانە نەرویجییەکە خۆی بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە ئەوە مۆرینیۆ بوو یارمەتیدا لە قۆناخێکی زۆر سەخت بێتە دەرەوە. بێنفیکا بەم دواییانە ئۆفەرێکی 70 ملیۆن یۆرۆیی بۆ لاوەکە پێگەیشتووە. ئەمە شتێکە کە بە تێپەڕبوونی کات روونتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو مۆرینیۆیەی کە گەیشتووەتە مەدرید زۆر جیاوازە لەوەی کە 13 ساڵ لەمەوبەر پایتەختی ئیسپانیای جێهێشت.

راهێنەرە پۆرتوگالییەکە چیدیکە ئەو راهێنەرە نییە کە دوای شکستێک بە تووڕەییەوە لە بەردەم مایکرۆفۆنەکاندا دابنیشێت بۆ رەخنەگرتن لە یاریزانەکانی خۆی. مۆرینیۆی ئەمڕۆ خۆی لەگەڵ تۆپی پێی مۆدێرندا گونجاندووە. تێدەگات کە ئێستا یاریزانان براندە کەسییەکانی خۆیانن و بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. هاوکات دەوروبەری خۆی بە دەستەیەک دەورە داوە کە هیچ شتێک بۆ رێکەوت جێناهێڵێت، نە پەیوەندییەکان، نە ستراتیژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نە ئەو پەیامانەی کە دەگەنە رای گشتی. هەموو شتێک بە وردی پلانی بۆ داڕێژراوە.

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید

مۆدێلێکی نوێی سەرکردایەتی

مۆرینیۆ بە شێوەیەکی بنەڕەتی شێوازی سەرکردایەتیکردنی خۆی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاریزاناندا گۆڕیوە بە بەراورد بە خولی یەکەمی لە ریال مەدرید.

مۆرینیۆ 2.0 لەبری رووبەڕووبوونەوە، لە رێگەی بنیاتنانەوە هەنگاو دەنێت. ئەو نزیکبوونەوەیە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پڕۆژەگەلێک کە زیاتر دەخایەنن. ئەمە گەشەسەندنێکی سروشتییە دوای 27 وەرز لە راهێنەرایەتیکردن لە بەرزترین ئاستدا. هاوکات بە تەواوی ئاگاداریی ئەوەیە چۆن جیهانگیری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شێوازی بەڕێوەبردنی کاروانی پیشەگەریی یاریزانانی تۆپی پێیان گۆڕیوە.

ئەگەرچی بنەماکانی کارکردنی وەکوو خۆیان ماونەتەوە، تموح، خولیای بردنەوە و داواکارییەکانی رۆژانە، بەڵام سەرکردایەتییەکەی پێگەیشتووتر، ستراتیژیتر و زیاتر تیشکی خستووەتە سەر بنیاتنانی پێکهاتە بەردەوامەکان لەنێو تیمەکانیدا. مۆرینیۆی ئێستا یاریزانان تەنیا لە رێگەی دەسەڵاتەوە قایل ناکات، بەڵکوو لە رێگەی هاندانی بەرپرسیارێتی تاکەکەسی لە هەر یەکێکیاندا.

یەکێک لەو شتانەی کە بۆ راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە بنەڕەتی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ژووری خۆگۆڕین پیرۆزە. ئەو بەشەی کەسایەتی ئەو نەگۆڕاوە. پاراستنی گرووپەکە وەکوو شتێک دەمێتەوە کە جێگەی مشتومڕ نییە و هێشتا خۆی دەخاتە نێوان یاریزانەکانی و رەخنەکانی دەرەوە کاتێک زەحمەتییەکان سەرهەڵدەدەن.

لەبەر ئەوەیە ئەو پێویستی بە یاریدەدەرێکە لەنێو یانەکەوە کە دەسەڵاتی لە ژووری خۆگۆڕیندا هەبێت بەڵام ئامادە بێت لە پشتەوە بمێنێتەوە. بۆ باش یان خراپ، مۆرینیۆ ئەو کەسەیە کە لێدانەکان دەگرێتە خۆی بۆ پاراستنی یاریزانەکانی. گوشاری دەرەکی ئاڕاستەی ئەو دەکرێت، ئەمەش رێگە بە پێکهاتەکە دەدات بە تەواوی سەرنج بخەنە سەر ئاستی نێو یاریگا.

ئەو مۆرینیۆیەی زۆرێک لە هاندەران لەبیریانە تێوەگلابوو لە چەندین شەڕی بێشومار لەگەڵ ناوبژیوانان، خشتەی یارییەکان، ڤاڵدانۆ، میدیاکان و زۆری دیکەش. ئەزموون فێری مۆرینیۆ نوێیەکەی کردووە کە شەڕەکانی بە وریاییەکی زیاترەوە هەڵبژێرێت. ئێستا سەرنج لەسەر ئەو شتانەیە کە بە راستی بەهای زیادە بۆ پڕۆژەکە زیاد دەکەن و گرووپەکە بەهێز دەکەن.

ئەمە مۆرینیۆیەکی دیکەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button