یانەکانی پرێمەرلیگ چاودێریی پلانی دووەمی بارسێلۆنا دەکەن
بژاردەی کەمتێچووەکە دەبێتە ئامانجی پرێمەرلیگ

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا بە تەواوی سەرقاڵی گواستنەوەی خولیان ئالڤارێزی ئەرجەنتینییە، کە وەکوو بەربژێری یەکەم دەستنیشانکراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی بەهۆی رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییەوە لە هێڵی پێشەوەی یانەکەدا دروستبووە.
بلاوگرانا پێویستی بە هێرشبەرێکە کە دەستەبەری کردنی 30 گۆڵ لە وەرزێکدا بکات؛ ئەوە تێکڕای گۆڵەکانی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بوو و یانەکە پێیان وایە ئالڤارێز دەتوانێت ئەم چاوەڕوانییانە بەدیبهێنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، هاوشانی ئەم هەوڵانە، قورسیی دانوستانەکان و پێداگریی یانەکەی ئالڤارێز لەسەر مەرجە داراییەکانیان، بارسێلۆنا ناچار بووە ناوی دیکە بخاتە لیستی بەربژێرە جێگرەوەکانەوە، کە دیارترینیان داروین نونێز، هێرشبەری ئۆروگواییە.

ململانێی ئینگلیزییەکە لەسەر بژاردە کەمتێچووەکە
ئەم دۆخە نوێیەی هێڵی هێرشبەری بارسێلۆنا، سەرنجی یانە گەورەکانی ئینگلتەرای راکێشاوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، هەرسێ یانەی نیوکاسڵ، چێڵسی و لیڤەرپوول ئامادەکاری بۆ جووڵەکردن بە ئاڕاستەی داروین نووینیێز دەکەن.
ئەم یانە ئینگلیزییانە، هێرشبەرە ئۆروگواییەکە وەکوو بژاردەیەکی کەمتێچوو تەماشا دەکەن، بە تایبەت ئەگەر بلاوگرانا تەواوی سەرنج و توانای دارایی خۆی بۆ کڕینی ئالڤارێز تەرخان بکات و دەستبەرداری نونێز ببێت.
لە چەند رۆژی داهاتوو رووندەبێتەوە کارگێڕیی یانە کاتالوونییەکە دەتوانێت گرێبەستی یەکەم سەربخات، یان ناچار دەبێت روو لە پلانە جێگرەوەکەی بکات کە لە لایەن خولی ئینگلیزییەوە گەمارۆ دراوە.



