فلیک بۆ بارسا؛ باڵدێ بفرۆشن و کوکورێیا بگوازنەوە
چارەنووسی کانسێلۆ یەکلایی دەکرێتەوە

یاریگا –
بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی باڵی چەپی بەرگری تیمەکەی دەستپێکردووە و دوو گۆڕانکاری گەورە دەکات.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا دەیەوێت لە مێرکاتۆی هاوینە دەستبەرداری ئالێخاندرۆ باڵدێ، بەرگریکاری ئیسپانی ببێت، چونکە ئەو یاریزانە لە دوایین وەرز ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، دێکۆ و هانزی فلیکیش رازین بە 55 ملیۆن یاریزانەکە بفرۆشرێت.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بارسێلۆنا دەیەوێت مارک کوکورێیا، بەرگریکاری چێڵسی وەکوو شوێنگرەوەی باڵدێ بگوازێتەوە، یانە لەندەنییەکەش ئامادەیە بە ئۆفەرێک بە بەهای 45 بۆ 55 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کوکورێیا ببێت.
مارکا ئاماژەی بەوەش کردووە، باڵدێ نایەوێت بارسێلۆنا جێبهێڵێت ئەمەش بەربەستی گەورەیە لەبەردەم گواستنەوەی کوکورێیا، چونکە تاوەکوو باڵدێ یانەکە جێنەهێڵێت، بارسا ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ بەرگریکارەکەی بلوز واژۆ بکات.
هاوکات بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستی جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی لە خواستنەوە بکاتە هەمیشەیی، بەڵام پێویستە لەگەڵ هیلالی سعوودی بگاتە رێککەوتنی کۆتایی.



