بارسێلۆنا پرۆسەی دەرکردن و فرۆشتنی یاریزانان بۆ ئەستێرەی نوێ دەستپێدەکات
کێ یەکەم قوربانییە؟

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا بەهێزەوە دەستی بە بازاڕی گواستنەوە کردووە؛ دوای راگەیاندنی کڕینی ئانتۆنی گۆردن، ئێستا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز وەکوو شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکی، هەروەها بێرناردۆ سیلڤا بە گرێبەستێکی سەربەست چڕکردووەتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە و گەڕانەوە بۆ یاسای دارایی 1:1، پێویستە یانەکە تاوەکوو 30ـی حوزەیران ساڵی دارایی بە ئەرێنی کۆتایی پێ بهێنێت. بەم هۆیەوە، دەستەی کارگێڕیی وەرزشی بە سەرپەرشتیی دیکۆ و بۆیان کار لەسەر چوار دۆسیەی سەرەکی دەکەن بۆ رۆیشتنی یاریزانان.
OPINIÓN SPORT 🔴
⏳ La hora de las decisiones difíciles
🗣️ “El verdadero examen de madurez para este Barça no está en la ventanilla de entradas, sino en las salidas”
✍️ @xortu https://t.co/WDmRu3XMja
— Diario SPORT (@sport) June 3, 2026
مانەوەی ئانسو فاتی لە مۆناکۆ
چاوەڕوان دەکرێت ئانسو فاتی ببێتە یەکەم یاریزان کە بە فەرمی یانەکە جێدەهێڵێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا بە یەکجاری دەبێتە یاریزانی مۆناکۆ. بارسێلۆنا بڕی 11 ملیۆن یۆرۆی نەقدی لەم گواستنەوەیە وەردەگرێت. یانە کاتالوونییەکە سەرقاڵی گفتوگۆیە بۆ هێشتنەوەی رێژەی لە %10 بۆ %20ـی مافی هەر فرۆشتنێکی داهاتووی یاریزانەکە.

رۆنی بەرداخچی و گەڕان بەدوای خولەکەکانی یاریکردن
هێرشبەرە سویدییە تەمەن 20 ساڵەکە نایەوێت وەرزێکی دیکە تەنیا وەکوو یەدەک یاریی بکات، بەتایبەت کە لە هەمان پێگەی لامین یامال یاریی دەکات. هانزی فلیک راشکاوانە پێی راگەیاندووە کە ئەگەر بمێنێتەوە خولەکی کەمی یاریی دەکات.
لە رێگەی بریکارەکەیەوە، بەرداخچی بە کارگێڕیی راگەیاندووە کە دەیەوێت بە خواستن بڕوات بۆ بەدەستهێنانی هەلی زیاتر. بلاوگرانا پێی باشترە بیفرۆشێت بە مەرجی کڕینەوە، بەڵام رێگریش ناکات لە رۆیشتنی بە خواستن، کە ئێستا زیاتر لە 10 یانەی ئەوروپی ئارەزووی دەکەن.

دەرگای کراوە بۆ مارک کاسادۆ
سەرباری ئەوەی یاریزانەکە لە رابردوو رەتیدەکردەوە بڕوات، بەڵام دوای ئەوەی لەم وەرزەدا تەنیا کەمێک زیاتر لە 1000 خولەک یاریی کردووە و بووەتە کۆتا بژاردەی هێڵی ناوەڕاست، ئێستا بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە. خۆرخێ مێندێزش، بریکاری یاریزانەکە، چەندین ئۆفەری سەرنجڕاکێشی لە ئەوروپا و سعودییەوە بۆ هاتووە.
بارسێلۆنا فشار لە کاسادۆ ناکات بۆ رۆیشتن، بەڵام ئەگەر بڕیاری رۆیشتن بدات، لانیکەم داوای 20 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان.

دۆسیە ئاڵۆزەکەی تێر شتیگن
خواستنەکەی بۆ یانەی جیرۆنا بە خراپی کۆتاییهات؛ دوای تەنیا دوو یاری تووشی پێکان هات و لە رزگاربوون لە دابەزین بۆ خولی پلە دوو نەیتوانی یارمەتی تیمەکەی میشێل بدات .
بەهۆی کێشەی ماسولکەکانییەوە، ناتوانێت لە مۆندیال بەشداریی بکات و دابەزینی جیرۆناش دەرگای مانەوەی لەو یانەیە داخستووە. گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسیلۆنا تاوەکوو ساڵی 2028 بەردەوامە و یاریزانەکەش نامەی دەستبەرداربوونی خۆڕایی ناوێت.
ئەگەر زۆرە دووبارە بە خواستن بڕواتەوە، هەرچەندە بارسا دەبێت بەشێک لە مووچەکەی لەئەستۆ بگرێت و بەهۆی گومانەکان لەسەر دۆخی جەستەیی یاریزانەکە زەحمەتە ئەم دۆسیەیە پێش 30ـی حوزەیران یەکلایی ببێتەوە.



