ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

راپۆرتی تایبەت؛ بۆچی خولیان ئالڤارێز بووەتە ئامانجی ژمارە یەکی بارسێلۆنا؟

پێنج هۆکار کە وا لە بلاوگرانا دەکات ئالڤارێز بگوازێتەوە

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ دوای رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەکات و پێویستی بە هێرشبەرێکی ئاستبەرز هەیە ببێتە ئەستێرەی نوێی هێڵی پێشەوەی تیپەکە.

رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا لەدوای بێهیوابوونی لە گواستنەوەی ئێرلینگ هاڵاند، لەبەر چەند هۆکارێک ئالڤارێزی وەکوو ئامانجی ژمارە یەک دەستنیشان کردووە و کارگێڕیی یانەکە ئامادەیە وەبەرهێنانێکی گەورە بکات کە نرخەکەی لە 100 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نابێت بۆ یاریزانێک کە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ تاوەکوو ساڵی 2030 کارایە.

جووڵە و بەستنەوەی هێڵەکان [تەکتیکی جیاواز لە لیڤا]

بارسێلۆنا بە بەراورد بە هێرشبەرە کلاسیکییەکانی وەکوو لیڤاندۆڤسکی، بەدوای هێرشبەرێکی خاوەن داینامیکییەتی بەرزدا دەگەڕێت. ئالڤارێز تەنیا لە ناوچەی سزادا ناوەستێت؛ ئەو خاوەن خوێندنەوەیەکی نایابی یارییە لە دەرەوەی ناوچەی سزا، دەگەڕێتەوە دواوە بۆ وەرگرتن، دابەشکردنی تۆپ و کردنەوەی بۆشایی بۆ هاوڕێکانی. ئەم شێوازە بە تەواوی لەگەڵ فەلسەفەی و تاکتیکی هانزی فلیک دەگونجێت.

فشاری بەرز

فلیک دەیەوێت یەکەم هێڵی فشاری تیپەکەی لە هێرشبەری سەرەکییەوە دەستپێبکات، ئالڤارێز لەم خاڵە بێوێنەیە. ئەو هەمیشە لەژێر رێنماییەکانی سیمۆنی و سکالۆنیدا هەوڵەکانی بە بێ تۆپ چەندهێندە کردووە.

زیادبوونی رێژەی گۆڵ و لێهاتوویی لە لێدانی راستەخۆ

گۆڵکارە ئەرجەنتیینەکە وەرزی رابردوو 29 گۆڵ و ئەم وەرزەش 20 گۆڵی کردووە. بارسێلۆنا دڵنیایە کە لەژێر فەلسەفەی هێرشبەریی فلیک، ئەم رێژەیە زۆر زیاتر دەکات. جگە لەوە، ئەو دەتوانێت کێشەی لێدانە راستەوخۆکانی یانەکە چارەسەر بکات؛ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ پێنج گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە، کە سێ دانەیان لەم وەرزە لە دژی ئیسپانیۆل، ریال مەدرید و خودی بارسیلۆنا بووە.

تینوێتی بۆ نازناو لە دوای وشکەساڵییەکەی رۆخی بلانکۆس

ئالڤارێز لەگەڵ مانچێستەر سیتی چامپیۆنزلیگ و دوو پرێمەرلیگی بردەوە، لەگەڵ ئەرجەنتینیش نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا، بەڵام لەو کاتەوەی چووەتە ئاتلێتیکۆ، هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێناوە. ئەم وشکەساڵییە وایکردووە تینوێتی و هاندانێکی بێوێنەی هەبێت بۆ سەلماندنی خۆی لە پڕۆژەیەکی نوێی وەکوو بارسێلۆنا.

رەهەندی میدیایی و خۆشەویستی بۆ یانەکە

ئالڤارێز لە منداڵییەوە و لە سەردەمی ریڤەرپلەیتەوە خەونی بە یاریکردن لە بارسیلۆنا دەبینێت. ئەو لە رووی میدیاییەوە ناوبانگێکی گەورەی هەیە کە بۆ لایەنی بازرگانی یانەکە گرنگە. جگە لەوە، یاریزانانی وەکوو پاو کوبارسی کە رووبەڕووی بوونەتەوە سەرسامی خۆیان بە شێوازی کلاسیکی ئەو نیشانداوە. خودی خولیانیش سەرسامە بە بارسا و لە مانگی شووباتی ئەمساڵ پێدری وەکوو یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دەستنیشان کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button