ئیسپانیاگرنگترین

پلانەکانی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید ئاشکرا دەبن؛ چەند یاریزانی نوێ دەکڕێت؟

لیستی داواکارییەکانی مۆرینیۆ بۆ پێرێز..

Yariga App

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید ناچار دەبێت 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستنیشانکردنی جۆزێ مۆرینیۆ وەکوو راهێنەری نوێی یانەکە بدات، ئەمەش دوای ئەوەی وادەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکە لەگەڵ یانەی بێنفیکا بەسەرچوو.

مۆرینیۆ زۆر نزیکە لەوەی بۆ دووەم جار بگەڕێتەوە ریال مەدرید و گرێبەستێکی سێ ساڵەی واژۆ کردووە بۆ ئەوەی جێگەی ئالڤارۆ ئاربێلوا بگرێتەوە.

بۆچی تێچووەکە بەرزبووەوە؟

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، پێشتر گرێبەستەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ بێنفیکا بڕگەیەکی هەڵوەشاندنەوەی بە بڕی نزیکەی شەش ملیۆن یۆرۆ تێدابوو، کە تەنیا بۆ ماوەی 10 رۆژی کارکردن دوای کۆتاییهاتنی وەرزەکەیان کارا بوو و لە رۆژی هەینی (٢٩ی ئایار) وادەکەی کۆتایی هات.

هۆکاری ئەوەی ریال مەدرید ئەم بڕگەیەی چالاک نەکرد دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. پێرێز لە 12ـی ئایار هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند و دواتر ئێنریکێ ریکێلمێ بووە رکابەری لەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە 7ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت. لۆس بلانکۆس لە هەفتەی دوای 16ـی ئایار لەگەڵ مۆرینیۆ رێککەوت، بەڵام بڕیاردرا بڕگەی هەڵوەشاندنەوەکەی نەدرێت تاوەکوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەبێتەوە. ئێستا ئەو بڕگەیە بووەتە 15 ملیۆن یۆرۆ و پێناچێت بێنفیکا ئامادەی دانوستان بێت بۆ کەمکردنەوەی.

پلانەکانی مۆرینیۆ بۆ تیپەکە و ستافەکەی

دانوستانەکانی مێرێنگی لەگەڵ مۆرینیۆ چەندین پلانی گرنگی لەخۆگرتووە؛

  • ستافی راهێنەرایەتی؛ پێشبینی دەکرێت مۆرینیۆ یاریدەدەرکانی خۆی لە بێنفیکا لەگەڵ خۆی بهێنێت، بەڵام لاری بۆ هێشتنەوەی ئانتۆنیۆ پینتوس، راهێنەری جەستەیی و لویس لۆپێز، راهێنەری گۆڵپارێزان نییە کە لەلایەن کارگێڕیی مەدریدەوە زۆر پەسەندکراون.

  • کڕینی یاریزانان؛ راهێنەرە پورتوگالییەکە داوای یەدەکێکی بەرگریکاری راست، بەرگریکارێکی چەپ بۆ ململانێی ئالڤارۆ کارێراس، دڵی بەرگرییەکی سەرەکی، لەگەڵ دروستکەرێکی یاری لە هێڵی ناوەڕاست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ریکێلمێ بە روونی رایگەیاندووە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت، ئەوا مۆرینیۆ نابێتە راهێنەری تیپەکەی، چونکە ئەو بەنیازە راهێنەرێک بهێنێت کە پێشتر کاری لە ریال مەدرید نەکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button