
یاریگا –
رۆدری هێرناندێز، ناوەڕاستکاری ئیسپانی و یانەی مانچێستەر سیتی بێدەنگیی شکاند و بۆمبی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید بۆ دوای تەوابوونی مۆندیال دواخست.
لە نوێترین لێدوانیدا لە کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، رۆدری رایگەیاند کە لەدوای کۆتایهاتنی مۆندیال داهاتووی یەکلایی دەکاتەوە.
کاتێک لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە سەبارەت بەو دەنگۆ بەهێزانەی کە ناوی ئەو بە یانەی شاهانەی دەبەستنەوە پرسیاری لێکرا، رۆدری بە شێوازێکی دیپلۆماسی بەڵام پڕ لە گومان وەڵامی دایەوە.
ئەم دەنگۆیانە بەشێکن لە جیهانی تۆپی پێ. ئێستا من تەنیا سەرنجم لەسەر ئەوەیە کە ببمە سەرکردەیەکی راستەقینە لە نێو هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئەمە شێوازی منە. لەو دەنگەدەنگ و ژاوەژاوەی میدیا تێدەگەم، بەڵام کاتی خۆمی پێوە بەفیڕۆنادەم. هەموو شتێک دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی مۆندیال دەبینین و یەکلییا دەبێتەوە.
رۆدری دڵنیاییدایە هاندەرانی ئیسپانیا کە بۆ مۆندیالی 2026 بە تەواوی جەستەیەکی بێکێشەی هەیە و ئامادەیە. سەرەڕای ئەوەی یانەکەی لەم وەرزە نەیتوانی بە سەرجەم ئامانجەکانی بگات، بەڵام ئەو لە رووی کەسییەوە وەرزێکی باشی بەڕێکردووە. ئەستێرەیەکەی ماتادۆر روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی؛
ریتمی یاریکردنم بە بەراورد بە ساڵی 2024 کەمێک کەمترە، بەڵام لە بەرامبەردا، کەمتر ماندووم و فشاری یارییەکانم لەسەر سووکتر بووە، ئەمەش وایکردووە بە هێزێکی باشتر بگەمە ئێرە.
سەبارەت بە بەبژێرەکانی بردنەوەی جامی جیهانی، پیاوی یەکەمی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانیا پێی وایە ناوبانگ و نازناوە پێشوەختەکان هیچ بەهایەکیان نییە و دووپاتیکردەوە کە مۆندیال پاڵەوانێتییەکی زۆر درێژ و تاقیکردنەوەیەکی توندە، بۆیە پێویستە هەڵبژاردەکان لەنێو لاکێشەی سەوزدا شایستەیی خۆیان بسەلمێنن.
ئەوەی پێمان دەڵێن بەربژێرین بۆ بردنەوەی جامەکە، جێگەی شانازییە، بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەیە لەنێو یاریگا راستی پۆلێنکردنەکان پێشانبدەین.



