ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید مێرکاتۆی سڕکردووە؛ کێن ئەو ئەستێرانەی چاوەڕێی تەلەفۆنی پێرێزن؟

ئامانجەکانی مێرێنگی لەنێوان راستی و پڕوپاگەندەی بریکارەکاندا

Yariga App

یاریگا –

دۆخی ناوخۆیی ریال مەدرید هێندە ئاڵۆز بووە کە بووەتە هۆی راگەیاندنی پڕۆسەیەکی چاوەڕواننەکراوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەم نادڵنیاییە کارگێڕییە، هێشتا ژمارەیەکی بێشومار لە ئەستێرەکان چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ پەیوەندیکردن بە پاشای ئەوروپاوە، یانیش لانیکەم دەیانەوێت ناوەکانیان بە براوەی 15 نازناوی چامپیۆنزلیگەوە ببەسترێتەوە.

بێدەنگی پێش گەردەلوول؛ کاریگەریی هەڵبژاردنەکان
دەنگدانی ئەندامانی ریال مەدرید کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت، تەواوی جووڵەکانی بازاڕی راگرتووە. ئامانجە شاراوەکان و بریکارەکانیان زۆر بە وریاییەوە هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی لەم قۆناخە هەستیارەدا هیچ کارێک نەکەن کە زیان بە سەقامگیریی کارگێڕی یان ئامانجە وەرزشییەکانیان بگەیەنێت.

کێ لە لیستی چاوەڕوانیدایە؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، لەم چەند هەفتەیەی دواییدا لیستی ئەو یاریزانانەی ناوەکانیان بە مەدریدەوە بەستراوەتەوە زۆر درێژ بووەتەوە. هەندێکیان بە جیددی هەوڵی پەیوەندیکردن دەدەن، بەڵام هەندێکی دیکە ناوی درێسە سپییەکە وەکوو فشارێک بەکاردەهێنن بۆ بەهێزکردنی پێگەیان لە دانوستانەکانی دیکە.

رۆدری هێرناندێز
 زۆرترین ناوی ئەم ماوەیە بووە. هەرچەندە سەرچاوەکانی نێو ڤاڵدێبێباس هەموو جۆرە گرنگیپێدانێکی فەرمییان رەتکردووەتەوە و نزیکەکانی یاریزانەکەش رێککەوتنیان بەدرۆخستووەتەوە، بەڵام یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی ناوی ئەم یاریزانەی هێناوەتە نێو بانگەشەکەیەوە.

بێرناردۆ سیلڤا
 خۆرخێ مێندێش، بریکاری یاریزانەکە، کە هاوکات بریکاری جۆزێ مۆرینیۆیە، بێرناردۆی وەکوو بژاردەیەک پێشکەش کردووە، بەڵام ریال مەدرید خێرا خۆی لە بابەتەکە دوورخستەوە و پێدەچێت شەڕی کڕینی ئەم یاریزانە لە نێوان بارسێلۆنا کە پێشەنگە و ئاتلێتیکۆ مەدرید بێت. تەنیا لە یەک حاڵەتدا دۆخەکە دەگۆڕێت؛ ئەگەر مۆرینیۆ ببێتە راهێنەری مەدرید!

یۆشکۆ ڤاردیۆل
 بەهۆی نادڵنیایی دۆخی مانچێستەر سیتی پاش رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا، ناوی ئەم بەرگریکارە کرواتییە لە رێگەی کەسایەتییەکی پێشووی ریال مەدریدەوە هێنرایە سەر مێزی گفتوگۆی یانەکە. ڤاردیۆل زۆر ئارەزووی یاریکردن بۆ ریال مەدرید دەکات و تەنیا دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە، لە ساڵانی رابردووش چەندین جار مێرێنگی گرنگی بە گواستنەوەی داوە، بەڵام گەورەترین کۆسپ لەبەردەم گواستنەوەی ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحەیە کە مانچێستەر سیتی کردی کاتێک بە 91 ملیۆن دۆلار یاریزانەکەی کڕی.

ئێنزۆ فێرناندێز و ئەوانی دیکە
ئێنزۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی روو لە پایتەختی ئیسپانیا بکات. لە کاتێکدا دەنگۆکانی پەیوەست بە ڤیتینیا و جواو نێڤێس زیاتر گڕوتینی هاندەرانە نەک دانوستانی فەرمی.

ئیبراهیما کۆناتێ
 وەکوو پێشتریش سەرچاوە میدیاییەکان باسیان کرد، دۆخی بێ گرێبەستی ئەم یاریزانە لە هاویندا وایکردووە ببێتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ یانەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button