کۆتایی کێبڕکێیەکە؛ بۆچی پاریس سان جێرمان دەستبەرداری خولیان ئالڤارێز بوو؟
پڕۆژەکەی پاریس ئالڤارێز قایل ناکات

یاریگا –
پێشهاتە نوێیەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئاشکرای دەکەن کە یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی بە فەرمی دۆسیەی گواستنەوەی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، خولیان ئالڤارێزی داخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی هۆکاری جیاواز لە پشت بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان بوون.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی یانە پاریسییەکە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردنی، زنجیرەیەک گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ خولیان ئالڤارێز کرد تاوەکوو رەزامەندی لەسەر پۆشینی درێسی یانەکە پێشانبدات. بەڵام پڕۆسەکە بەو شێوازە نەڕۆیشت کە بەرپرسانی پاریس چاوەڕوانیان دەکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە فەرەنسییەکە، بەربەستی سەرەکی لەم مامەڵەیە خودی یاریزانەکە بووە؛ ئالڤارێز نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەر پڕۆژەی وەرزشیی پاریس هەبووە و جۆرێک لە دوودڵی و راڕایی تێدا بەدیکراوە بۆ جێگیربوونی لە پایتەختی فەرەنسا.
ئەم سارد و گەرمییەی یاریزانەکە وای لە کارگێڕیی پاریس سان جێرمان کردووە کە کۆتایی بە کێبڕکێیەکە بهێنن، چونکە ئەوان یاریزانێکیان دەوێت کە بە تەواوی پابەندی پڕۆژەکەیان بێت، لەبەرئەوە، بە فەرمی لە دانوستانەکان کشانەوە و ئێستا تیشک دەخەنە سەر بژاردەی دیکە لە مێرکاتۆی هاوینە.



