
یاریگا –
لیڤەرپوول کۆتایی بە وەرزێکی بێهیواکەری بێ نازناو هێنا، کە سەرەنجام بووە هۆی دوورخستنەوەی ئارنە سڵۆتی راهێنەر.
رۆیشتنی سڵۆت زۆر خێرا بوو، ئەگەرچی دەکرێت بگوترێت ئەم راهێنەرە هۆڵەندییە بە نزیکەیی لە سەرەتای وەرزەکەوە لەژێر فشاردا بوو. شێوازی یاریکردنی ئەو نەوەکوو تەنیا لە لایەن رای گشتییەوە، بەڵکوو لە لایەن خودی یاریزانەکانیشەوە خرابووە ژێر پرسیارەوە.
دوورخستنەوەی سلۆت تەنیا بەهۆی نەبوونی نازناوەکانەوە نەبوو، بەڵکوو پەیوەندی بەوەشەوە هەبوو کە زۆر کەس وەکوو نەبوونی ناسنامە لە تۆپی پێی لیڤەرپوولدا دەیانبینی. بە گوێرەی فابریزیۆ رۆمانۆ کە رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، رووداوێکی سەرەکی هەبوو کە تەرازووەکەی دژی راهێنەرەکە لاسەنگ کرد: پەیامێک کە محەمەد سەلاح لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە و بە شێوازێکی راستەوخۆ ئاراستەی ئەو کرابوو.
دەگوترێت ئەو پەیامەی محەمەد سەلاح دوو هەفتە لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە، قورساییەکی زۆری هەبووە لە بڕیاری کۆتایی یانەی لیڤەرپوول بۆ جیابوونەوە لەم راهێنەرە هۆڵەندییە.
محەمەد سەلاح لە پەیامەکەیدا نوسیبووی:
دەمەوێت لیڤەرپوول بگەڕێتەوە بۆ ئەو تیپە هێرشبەرەی بەهێزەی کە رکابەرەکانی لێی دەترسان، بگەڕێتەوە بۆ ئەو تیپەی نازناوەکان دەباتەوە. ئەوە ئەو تۆپی پێیەیە کە من دەزانم چۆن یاریی تێدا بکەم، پێویستە ئەم ناسنامەیە بگەڕێنرێتەوە و سازشی لەسەر نەکرێت. بردنەوەی چەند یارییەک لێرە و لەوێ، ئەو شتە نییە کە لیڤەرپوول پێویستی بێت. ئەمە گفتوگۆ هەڵناگرێت، هەر کەسێک کە بەشێکە لە لیڤەرپوول بێت، دەبێت خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت.
لە تۆڕی ئینستاگرام، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی ئێستا و پێشووی لیڤەرپوول لایکی پۆستەکەی سەلاحیان کرد و پشتگیریی خۆیان نیشاندا، لەوانەش: ئاندرۆ رۆبێرتسن، دۆمینیک سۆبۆسلای، میلۆش کێرکێز، جێرێمی فریمپۆنگ، هوگۆ ئێکیتیکێ، کورتیس جۆنز، هارڤی ئێلیۆت و واتارۆ ئێندۆ.

شایەنی بیرهێنانەوەیە کە گرژیی نێوان سەڵاح و سڵۆت لە ساڵی رابردووەوە دیار بوو؛ لە مانگی کانوونی یەکەمدا، سەڵاح پەیامێکی دیکەی بۆ رەخنەگرتن لە راهێنەرەکە بڵاوکردەوە دوای ئەوەی لەسەر کورسیی یەدەگ هێڵرابووەوە.
سەڵاح پێش رۆیشتنی بۆمبێک لە ئانفیڵد دەتەقێنێتەوە؛ هێرشی توند دەکاتە سەر ئارنە سڵۆت

