ئه‌ڵمانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

فەرمی؛ ئینتراخت فرانکفۆرت راهێنەرێکی پێشووی یانەکە دەگەڕێنێتەوە

هەڵۆکان راهێنەری نوێیان دەستنیشان کرد

Yariga App

یاریگا –

ئینتراخت فرانکفۆرت بە فەرمی دەستنیشانکردنی ئادی هوتەری وەکوو راهێنەری نوێی یانەکە راگەیاند، کە گرێبەستێکی تاوەکوو ساڵی 2029 واژۆ کردووە.

ئەم راهێنەرە نەمساوییە پێشتریش ماوەی سێ ساڵ لە فرانکفۆرت کاریکردووە و یارمەتی هەڵۆکانی داوە بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی یۆڕۆپالیگ بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1980. هوتەر لە فرانکفۆرت دەبێتە جێگرەوەی ئالبێرت ریێرا، کە سەرەتای ئەم مانگە لە پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە دوورخرابووەوە.

ئەم راهێنەرە 56 ساڵانە دوایین پۆستی وەرزشی لەگەڵ مۆناکۆ بوو، کە تێیدا توانی یانەکە بگەیەنێتە پلەکانی دووەم و سێیەمی خولی فەڕەنسی بەدوای یەکدا، بەمەش سەرکەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کرد، پێش ئەوەی لە تشرینی یەکەمی 2025 لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

پێش ئەوەش، هوتەر وەرزی 2021/2022ـی لەگەڵ بۆڕووسیا میونشنگلادباخ بەسەر برد، کە تێیدا تیمەکەی پلەیەکی نێو 10 یەکەمەکەی خولی بۆندیسلیگای مسۆگەر کرد و بە شێوازێکی مێژوویی لە قۆناخی دووەمی جامی ئەڵمانیا بە ئەنجامی 5-0 لە بایرن میونشنی بردەوە.

ئادی هوتەر، راهێنەری نوێی ئینتراخت فرانکفۆرت

دوای راگەیاندنی فەرمیی گەڕانەوەی بۆ فرانکفۆرت، هوتەر رایگەیاند:

بۆ من گەڕانەوە و بوون بە راهێنەری ئینتراخت جارێکی دیکە، شتێکی زۆر تایبەت و پڕ لە هەست و سۆزە. ئەو کاتەی پێکەوە لە فرانکفۆرت بەسەرمان برد، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەرم جێهێشت و هەمیشە لەگەڵمدا ماوەتەوە. کاتێک سەیری رابردوو دەکەم، هەمیشە ئەو هەستەم هەبوو کە کارێکی تەواونەکراوم لەم یانەیەدا جێهێشتووە. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە دەرفەتی ئەوەم پێدەدرێت بە هەوڵدانی زۆر، بەندوبەست و سەرنجێکی روونەوە رووبەڕووی ئەم ئەرکە ببمەوە. گەشتی یانەکە لە ساڵانی دواییدا سەرنجڕاکێش بووە. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی تیمەکە لە وەرزی داهاتوو هاندەران دڵخۆش دەکات و وەرزێکی سەرکەوتوومان دەبێت.

دوای دەستنیشانکردنی هوتەر، مارکوس کرۆشە، ئەندامی دەستەی وەرزشیی فرانکفۆرت پاڵپشتیی خۆی نیشاندا و گوتی:

ئادی هوتەر نوێنەرایەتی تۆپی پێی هێرشبەرانەی ئازایانە، روون و بەندوبەست دەکات. ئەو لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا نیشانیداوە کە دەتوانێت یاریی گواستنەوەی خێرا لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی تۆپدا کۆبکاتەوە، بە تایبەتی لە مۆناکۆ، کە تێیدا بە شێوازێکی کارا گەشەی بە یەکێک لە گەنجترین تیمەکانی خولەکەدا و سەقامگیری کرد، بە جۆرێک کە توانیان پێگەی خۆیان لەنێوان سەرتۆپەکانی فەڕەنسادا جێگیر بکەن. دوای گفتوگۆیەکی زۆر باش، ئێمە باوەڕمان واییە کە دەتوانین پێکەوە ئینتراخت بەرەو پێش ببەین. ئەمە دەسکەوتێکی باشە کە ئادی پێکهاتەکان، ژینگە و خەڵکی ناوەوە و دەوری یانەکە دەناسێت و بەراستی پێویستی بە ماوەیەکی زۆر نابێت بۆ خۆگونجاندن.

لەنێوان ساڵانی 2018 تاوەکوو 2021، فرانکفۆرت لە ژێر سەرپەرشتیی هوتەردا لە پلەی نۆیەم خوارتر نەبووە لە بۆندیسلیگا، بۆیە هاندەران هیوادارن کە ئەو بتوانێت سەقامگیری و سەرکەوتن بۆ یاریگای دۆیتشە بانک پارک بهێنێتەوە دوای ئەوەی هەڵۆکان دەرفەتی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانییەتییە ئەوروپییەکان بۆ وەرزە نوێ لەدەستدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button