
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، ئەو بەڵێنەی جێبەجێ کرد کە پێشتر بە هاندەرانی یانەکەی دابوو.
پێرێز لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی TVE رایگەیاندبوو کە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە ئالێکساندەر چێفرین، سەرۆکی یوێفا دەڵێت دۆسیەیەکی تایبەت بە دۆسیەی نێگریێرای رادەست دەکات و دوای دوو رۆژ گەشتی بوداپێستی کرد بۆ بەجێگەیاندنی قسەکەی.
راپۆرتێکی 500 لاپەڕەیی و کارێکی 3 ساڵە
لەنێو یاریگای پودکاس ئارێنا لە هەنگاریا، سەرۆکی ریال مەدرید بە شێوەیەکی نافەرمی لەگەڵ سەرۆکی یوفا کۆبووەوە و هۆشداری پێدا لەسەر ئەو دۆسیەیەی کە بەڕێوەیە. دۆسیەکە راپۆرتێکی چڕی نزیکەی 500 لاپەڕەییە کە ماوەی سێ ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و وردەکاریی کۆمەڵێک پێشێلکاری و ناڕێکیی ناوبژیوانی دەخاتەڕوو کە بە دۆسیەی نێگریێرا بەستراونەتەوە. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لەو ستراتیژە فراوانەی پێرێز کە لە 12ـی ئایار هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەکە ئاماژەی پێدابوو.
پێرێز بۆ هاندەران: بە تەواوی هێزمەوە دەچمە نێو دۆسیەکەوە
پێشتر پێرێز بەهۆی لێدوانەکانی لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵی 2024ـی یانەکە کە گوتبووی پێویستە بارسێلۆنا و ریال مەدرید هاوکاری یەکتر بن، رووبەڕووی رەخنەی توندی هاندەرانی مەدرید ببووەوە، بەڵام لەم هەفتەیە کاتێک رۆژنامەنووسان لەم بارەیەوە پرسیاریان لێکردەوە، وەڵامەکەی زۆر توند و روون بوو؛
بە تەواوی هێزمەوە دەچمە نێو دۆسیەی نێگریێراوە. هەرکەسێک پێی وایە ئەو دۆسیەیەم لەبیرکردووە، با بزانێت کە من تاوەکوو کۆتایی دەڕۆم.

7 نازناوی خولیان لێ دزیوم
پێرێز رایگەیاند کە پێشکەشکردنی ئەم دۆسیەیە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی یانەکە دەبێت، کە تێیدا باس لەو بڕیارە ناوبژیوانانیانە دەکرێت کە لە ماوەی ساڵانی ربردوو زیانیان بە ریال مەدرید گەیاندووە. پێرێز بە میدیاکانی گوت؛
من 7 نازناوی لالیگام بردووەتەوە، بەڵام دەکرا 14 نازناو بن. ئەوانی دیکەیان لێ دزیوم.
هەرواها ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرێک لەو ناوبژیوانانەی لەو سەردەمەدا تێوەگلاون تاوەکوو ئێستاش لە خولی ئیسپانیا چالاکن و دۆسیەی نێگریێرای بە گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لە مێژوودا وەسف کرد. لە کاتێکدا کە ئەم دۆسیەیە لە ناوخۆی ئیسپانیا لەژێر لێکۆڵینەوەی دادوەریدایە، پێرێز بڕیاریدا شەڕەکە بباتە یوێفا چونکە پێی وایە لایەنە ناوخۆییەکان هەنگاوی جیددییان نەناوە.



