لیستی یەدەک؛ یاریزانەکانی ریال مەدرید هێشتا بەدڵی دێلا فیۆنتێ نین
یاریزانانی ریال سۆسیداد باڵادەستن

یاریگا –
گۆنزالۆ گارسیا پەیوەندی بە گرووپی پاڵپشتیی کەمپی مەشقی تیمی نیشتمانیی ئیسپانیاوە دەکات.
لویس دێ لا فوێنتێ پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە لەپاڵ 26 یاریزانە سەرەکییەکەی جامی جیهانی، لیستێکی تهواوکەری دیکە (لیستی یەدەک) رادەگەیەنێت. ئەم گرووپە پاڵپشتە یارمەتیدەر دەبن لە تەواوکردنی یەکەکانی مەشق و راهێنان و بەشداریکردن لە یەکەم یاریی دۆستانە لە کاروانی بەڕێکەوتن بەرەو پاڵەوانییەتییەکە.
ئەم گرووپە لە نۆ یاریزان پێکهاتووە کە بریتین لە: مارک بێرناڵ (بارسێلۆنا)، خاڤی رۆدریگێز (سێلتا ڤیگۆ)، خیسۆس رۆدریگێز (کۆمۆ)، لیۆ رۆمان (مایۆرکا)، گۆنزالۆ گارسیا (ریال مەدرید)، سێرخیۆ گۆمێز (ریال سۆسیداد)، جۆن مارتن (ریال سۆسیداد)، بێنیات توریێنتێس (ریال سۆسیداد) و خاڤی گوێرا (ڤالێنسیا).
دێ لا فوێنتێ ویستی پاداشتی وەرزی بەهێزی ئەم کۆمەڵە یاریزانە بداتەوە، کە یەکەم هەنگاوەکانی بەرەو گەشتی خەونەکان ئەزموون دەکەن؛ گەشتێک بۆ بەدەستهێنانی دووەمین جامی جیهانی لە مێژووی وڵاتەکەیاندا. بۆ نزیکەی هەموویان، ئەمە دەبێتە یەکەم ئەزموونیان لەگەڵ تیمی یەکەمی نیشتمانی، ئەویش لە ساتێکی یەکلاکەرەوە و پڕ لە پەرۆشیدا.

پلانێک بۆ گرووپی پاڵپشت
بەهۆی ئەوەی چەندین یاریزانی سەرەکی لە پرۆسەی چاکبوونەوەی پزیشکی و کێشەی ئامادەیی جەستەییدان، وەکوو ئیمێریک لاپۆرت، رۆدری، میکێل مێرینۆ، لامین یامال، نیکۆ ویلیامز و ڤیکتۆر مونۆز… لەپاڵ پێدانی پشوو بەو یاریزانانەی کە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەشدار دەبن، دێلا فوێنتێ ئەم گرووپە پاڵپشتە لەگەڵ خۆی دەباتە شاری لاکۆڕۆنیا. ئەوان لە رۆژی 30ـی مانگەوە لە کەمپی لاس رۆزاس دەست بە مەشقەکان دەکەن، دەرفەتی یاریکردنیان لە لاکۆڕۆنیا دەبێت و دوای یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر عێراق، راستەوخۆ دەچنە پشووی خۆیانەوە.



