
یاریگا –
بانکی سکۆتلەندا پەردەی لەسەر چاپێکی سنووردار لە دراوی 20 پاوەندی لادا، کە وێنەیەکی ئیلهامبەخش لە لێدانە مەقەسەییە بەناوبانگەکەی سکۆت مەکتۆمینای لەسەر کێشراوە.
ئەم دراوە بۆ پیرۆزباییکردن لە گەڕانەوەی سکۆتلەندا بۆ جامی جیهانی بەرهەم هێنراوە، دوای ئەوەی تیمی پیاوانی وڵاتەکە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1998ـەوە توانیان سەرکەوتن بۆ ئەم پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییە بەدەستبهێنن. دیزاینی دراوەکە توخمە نەریتییەکانی دراوی کاخەزیی لەگەڵ دیمەنی گۆڵەکەی مەکتۆمینای بەرامبەر دانیمارک تێکەڵ دەکات.
تەنیا 100 دانە لەم دراوە چاپ کراون، کە 50 دانەیان لە رێگەی تێکەڵەیەک لە زیادکردنی ئاشکرای کۆکەرەوەکان، تیروپشکی خەڵات و دوو شوێنی کاتی لە ئێدینبێرگ و گلاسگۆ بەردەست دەبن. تیمی نیشتمانیی پیاوانی سکۆتلەندا لە مانگی تشرینی دووەمدا بە بردنەوەی 4-2 بەرامبەر دانیمارک لە یاریگای هامپدن پارک لە گلاسگۆ، پێگەی خۆی لە جامی جیهانیدا مسۆگەر کرد. مەکتۆمینای یەکەم گۆڵی یارییەکەی لە سەرەتادا بە لێدانێکی مەقەسەیی تۆمار کرد.

ناوەڕاستکارەکە گوتی:
گەیشتن بە گەورەترین سەکۆی تۆپی پێی جیهان شتێکە کە هەموو یاریزانێک خەونی پێوە دەبینێت و ئەمە هەموو شتێکە بۆ هاندەرانمان. ساتی لەم شێوەیە هی هەموو ئەو کەسانەیە کە شوێنی تیمەکە دەکەون، بۆیە بینینی گۆڵەکەم لەسەر دراوێکی سکۆتلەندی هەستێکی یەکجار تایبەتم پێدەبەخشێت.
داهاتی زیادکردنی ئاشکرا و تیروپشکی خەڵاتەکە پاڵپشتی لە رێکخراوی خێرخوازیی نیشتمانیی “کرایسس سکۆتلەندا” دەکات، کە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە بێماڵن. زیادکردنە ئۆنلاینەکە تاوەکوو کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 26ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت و هاندەرانیش تاوەکوو هەمان کاتژمێر لەو رۆژەدا دەتوانن بەشداریی لە تیروپشکەکەدا بکەن. دوو شوێنە کاتییەکە لە گلاسگۆ و ئێدینبێرگ دەبن، کە لەوێدا هاندەران دەتوانن تاقیکردنەوە لەسەر پێشبینیکردنی ژمارەی سەرەکی بکەن بۆ کردنەوەی قاسەیەک و بەدەستهێنانی یەکێک لەو دراوە چاپە سنووردارانە.
ئێما نۆبڵ، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاریی سکۆتلەندا لە بانکی سکۆتلەندا، رایگەیاند کە مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بەم شێوازە دراماتیکییە کاتێکە کە هاندەران هەرگیز لەبیری ناکەن و ویستوویانە بە شێوازێک دەستنیشانی بکەن کە رەگی لە ناسنامەی سکۆتلەندیدا هەبێت. ئەو گوتیشی کە وەکوو تۆپی پێ، دراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژە بەشێکن لە چیرۆکی وڵاتەکەمان و ئەم دراوە 20 پاوەندییە چاپە سنووردارە ئەو دوو نەریتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکی مۆدێرن و داهێنەرانەدا تێکەڵ دەکات. لێدانە مەقەسەییەکەی سکۆت وەکوو یەکێک لە گۆڵە هەرە گەورەکانی مێژووی نەتەوەکە دادەنرێت. شانازییەکی گەورە بووە کە کار لەگەڵ ئەو یاریزانەدا بکەن بۆ زیندووکردنەوەی ئەم دیمەنە بەم شێوازە ناوازەیە و سوپاسگوزاری پاڵپشتییەکەی ئەون بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ رێکخراوی کرایسس لە کاتی کارکردنیان بۆ کۆتاییهێنان بە بێماڵی لە سەرتاسەری سکۆتلەندا.
جامی جیهانی 2026 بە بەشداریی 48 تیم بەڕێوە دەچێت و لە 11ـی حوزەیران تاوەکوو 19ـی تەممووز لە 16 شاری جیاوازی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا و مەکسیکدا دەکرێت. بڕیارە سکۆتلەندا لە 14ـی حوزەیراندا رووبەڕووی هایتی و لە 19ـی حوزەیراندا رووبەڕووی مەغریب لە شاری بۆستن ببێتەوە، لە 24ـی حوزەیرانیشدا لە شاری مەیامی بەرامبەر بەڕازیل یاری بکات.



