
یاریگا –
دوێنی لە هۆتێل رەشید له بهغداد، پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەڕێوەچوو. پڕۆسەکە بە سەرکەوتنی یونس مەحموود کۆتایی هات، بەڵام هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانی زۆر توند و تۆمەتبارکردنی لایەنەکان بە دەستوەردانی سیاسی و دارایی.
حەمزە هادی، یاریزانی دێرینی هەڵبژاردەی عێراق، له بهشداریكردنی له بهرنامهی كاس هێرشی کردە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە و رایگەیاند:
“ئەوەی روویدا یارییەکی سیاسیی پیس بوو، سیاسەت هەموو شتێکی وێران کرد و تەنانەت وەرزشیش لێی ڕزگار نەبوو.”
حەمزە هادی پەردەی لەسەر زانیارییەکی هەستیار لادا و گوتی:
“شەوی پێش ههڵبژاردن لە هۆتێل مۆفنپیک، هەندێک لە سەرۆک یانەکان بۆ فرۆشتنی دەنگەکانیان بڕی 50 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ماکینەی سیاسیی حەلبووسی کاری کردووە بۆ ئەوەی یونس مەحموود سەربکەوێت و دەنگەکان لە عەدنان درجال دوور بخرێنەوە.
حەمزە هادی ئەوەشی گوت:
“ئەوەی کرا ستهمێكی گەورە بوو لە عەدنان درجال، هەندێک کەس ویژدانی خۆیان بە پارە فرۆشت.”
کاردانەوەی عەدنان درجال
عەدنان درجال، دوای ئەوەی تەنیا 20دەنگی بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنەکە شکستی هێنا، لە کاتی جێهێشتنی هۆڵەکە بە تانەوە گوتی:
“پیرۆزبایی لە حەلبووسی و عەقیل موفتەن دەکەم بۆ ئەم ئەنجامە.”
ئەم لێدوانەی درجال وەک ئاماژەیەک بۆ رێککەوتنی سیاسی لە دژی ئەو لێکدرایەوە. هاوکات سەرچاوە نزیکەکان لە درجال ئاشکرایان کرد کە ناوبراو بەنیازە پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی كاس ببات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان.
بۆچوونی یاسایی: هەڵبژاردنەکە 100٪ هەڵدەوەشێتەوە
تارق شەرح، پسپۆڕی یاسایی وەرزشی، لەبارەی شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە گوتی:
“ئەم هەڵبژاردنە 100٪ لە دادگای کاس هەڵدەوەشێتەوە، چونکە چەندین خروقاتی یاسایی تێدایە.”
تارق شەرح ئاماژەی بەوە کرد کە تەمەنی هەندێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردن لە خوار 35 ساڵەوەیە و ئەندامانی یەکێتییە فەرعییەکانیش مافی دەنگدانیان نەبووە، ئەمەش بەپێی یاسا پڕۆسەکە پوچەڵ دەکاتەوە.
خالید قوبیان: سکاڵا تۆمار دەکەین
خالید قوبیان، سەرۆکی یانەی حەشدی شەعبی، رایگەیاند کە ئەوان تانە لە پڕۆسەکە دەدەن و گوتی:
“هەندێک کەس مافی بهربژێربوونیان نەبوو چونکە سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە، بۆیە سکاڵا تۆمار دەکەین.”
ئەنجامە کۆتاییەکان
بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان کە لە هۆتێل رەشید راگەیەندران:
یوونس مەحموود: 38 دەنگ (سەرۆکی نوێ).
عەدنان درجال: 20دەنگ.
ئەیاد بنیان: 1 دەنگ.
هەروەها سەرمەد عەبدولئیلاه وەک جێگری یەکەم بە 44 دەنگ و محەمەد ناسڕ وەک جێگری دووەم بە 45 دەنگ هەڵبژێردران.
لە یەکەم هەنگاویدا دوای سەرکەوتنی، یوونس مەحموود پەیوەندی بە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراقەوە کرد و گوتی:
“هەموو دەسەڵاتەکان بۆ تۆیە و چی پێویست بێت بۆت دابین دەکەین.”



