ئیسپانیاگرنگترین

كارڤاخال بە گریانەوە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید كرد

Yariga App

یاریگا –

دانی كارڤاخال، بەرگریكاری ئیسپانی یانەی ریال مەدریدی هەمان وڵات كۆتا یاریی بە درێسی ریال مەدریدەوە كرد و بە گریانەوە ماڵئاوایی لە هاندەران و یانەكە كرد.

كارڤاخال لە هاوینی 2013 لە ریزەكانی بایەر لیڤەركوزن بە بەهای 6.5 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە كرد.

كارڤاخال لە دوای كۆتا یاریی لەگەڵ ریال مەدرید گوتی؛

دەمەوێت سوپاسی دایک و باوکم و خوشکەکەم بکەم، کاتێک منداڵ بووم زۆر ماندوو بوون بۆ ئەوەی خەونەکەم بەدی بێت، لە کاتێک لە منداڵیدا لە ناو باران و بەفردا بۆ راهێنانەكانیان دەبردم.

سوپاسی منداڵەکانم دەکەم، دوو ساڵی زۆر سەختم بەڕێکرد، لەگەڵ لایەنە تاڵەکانی ئەم وەرزشەدا، ئێوە بزوێنەری من بوون و رۆژە خەمناکەکانمتان رووناک کردەوە، هێزتان پێ بەخشیم بۆ ئەوەی جارێکی تر هەڵبستمەوە، زۆرم خۆشدەوێن.

زۆر کاریگەر بووم بەم ماڵئاواییە گەورەیە، دەمەوێت سوپاسی سەرۆکەکەمان فلۆرێنتینۆ بکەم، ئەو بوو کە منی لە ئەڵمانیاوە گەڕاندەوە، بەهۆی ئەوەوە زۆر نازنامان بەدەستهێنا، دوای 24 کاتژمێر لە پێکانێکی سەختی ئەژنۆم، ئەو گومانی نەکرد لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەم، بۆیە لە ناخی دڵمەوە سوپاسی دەکەم، پاشان دەمەوێت سوپاسی هاوڕێکانی تیمەکەم بکەم، بۆ هاوکارەکانم، دوو وەرزی ئاسانمان بەڕێنەکرد، بەڵام دەگەڕێینەوە سەر رێڕەوی بردنەوەکان، ئێمە ریال مەدریدین و دەبێت وەک مێژووەکەمان فێربین و دووبارە هەستینەوە.

ناتوانم ئەو سەردەمە زێڕینە لەبیر بکەم کە ژیاین، بە رۆیشتنم کۆتایی بە سەردەمێکی ناوازە دەهێنین، 4 جار لە 5 ساڵدا خولی پاڵەوانەکانمان بردەوە، نازناوی دەیەم.. 3 نازناوی بەدوای یەک، کریستیانۆ، کاسیاس، رامۆس، ئانچێلۆتی و زیدان.. ئەو ناوانەی کە ئەم دروشمەیان بەرز راگرت، دەمەوێت چەپڵەیەک بۆ ئەوان لێبدەن چونکە تیپەکەیان بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردەوە.

لە کۆتاییدا سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم، لە یەکەم رۆژمەوە هەمیشە بە شێوەیەکی ناوازە مامەڵەتان لەگەڵ کردووم، هەستەکانی ئەم یاریگایە وەسف ناکرێن، شانازی بەم ماڵئاواییەوە دەکەم، سوپاس بۆ ئێوە، بۆ ساتە باش و خراپەکان، هیوادارم بە شانازییەوە و بەو بڕوایەوە یادم بکەن کە هەموو توانای خۆمم بۆ ئەم درێسە پێشکەشکردووە.

كارڤاخال لەگەڵ ریال مەدرید 451 یاریی كردووە و توانیویەتی 17 گۆڵ بكات و 66 گۆڵیش درووستبكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button