ئیسپانیاگرنگترین

سکاڵایەکی یاسایی لەسەر پێرێز و کەناڵی ریال مەدرید تۆمار دەکرێت

دەبێت داوای لێبووردنی گشتی بکەن

Yariga App

یاریگا –

ناوبژیوانان لە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سکاڵا لەسەر پێرێز تۆمار دەکەن.

ناوبژیوان بە تەواوی توانایانەوە بەرگری لە شکۆ و پیشەییبوونی خۆیان، بەرامبەر تۆمەتەکانی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی، فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکەن، کە سەبارەی دزینی نازناوەکانی خول و گەندەڵیی لە داوەریدا ئاراستەیان کراوە. ئەگەر هەفتەی پێشوو داوایان لە لیژنەی پاڵەوانییەتییەکە کردبوو رێکاری تەمبێکاری بەرامبەر پێرێز بگرێتەبەر، ئەم پێنجشەممەیە هەنگاوێکی دیکەیان نا و فلۆرێنتینۆ و تەلەفزیۆنی ریال مەدریدیان دایە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

ناوبژیوانان لە رێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە رایانگەیاند:

سکاڵاکان بەرامبەر بەڕێز پێرێز، تەلەفیزیۆنی ریال مەدرید و یانەی ریال مەدرید پێشکەش کراون، وەکوو بەشێک لە هێڵی رێکخراوەیی کارکردن کە AESAF بۆ بەرگری لە شکۆ، دەستپاکی و پاراستنی داوەرە ئیسپانییەکان پەیڕەوی دەکات. دامەزراوەکە باوەڕی وایە پەیامە گشتییە دووبارەبووەکان، لەپاڵ بەردەوامی بڵاوکردنەوەی ئەو ناوەڕۆکانەی کە بە شێوازێکی رێکخراو، کۆمەڵەی داوەران دەخەنە ژێر پرسیار یان بێبەهایان دەکەن، زیان بە کەشی رێزگرتنی پێویست بۆ گەشەسەندنی دروستی چالاکییە وەرزشییەکان دەگەیەنن و دەکرێت دۆخی گرژی، دوژمنکاری یان توندوتیژی بەرامبەر ناوبژیوانان دروست بکەن.

لەم نێوەندەدا، یەکێتیی ناوبژیوانان جەختی لە مەبەستی پشت سکاڵاکان بەرامبەر فلۆرێنتینۆ و یانەکە کردەوە و رایگەیاند:

بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی ئەرکی داوەری جێبەجێ دەکەن و دەستەبەرکردنی ئەوەی کە بتوانن چالاکییەکانیان لە کەشێکی ئارام، رێزگرتن و پێکەوەژیاندا ببەنە پێشەوە. ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە بەکارهێنانی رێڕەوە یاسایی و فەرمییەکان، وەکوو ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر نیشانەیەکی توندوتیژی، هەراسانکردن یان بێبەهاکردنی داوەری دووبارە دەکەینەوە.

سکاڵای دووەم

هەفتەی پێشوو، یەکێتییەکە بەڵگەنامەیەکی پێشکەشی لیژنەی پاڵەوانییەتییەکە کرد و داوای دەستپێکردنی رێکاری تەمبێکاری کرد. ئەوان داوا دەکەن تیمەکە و سەرۆکەکەی داوای لێبوردنێکی گشتی بکەن و دەڵێن:

ئەم لێدوانانە ناتوانرێت لەژێر ناوی مافی رەوای ئازادی رادەربڕین یان رەخنەی وەرزشی بپارێزرێن، چونکە بەڕێز پێرێز تەنیا ئاماژە بە هەڵەی دیاریکراوی داوەری ناکات، بەڵکوو تاوانی بەردەوامی گەندەڵی بە درێژایی دوو دەیە دەداتە پاڵ یەکێتی ناوبژیوانان.

قسەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز

هەرچەندە تەلەفیزیۆنی ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێز ساڵانێکە رەخنە لە داوەریی ئیسپانی دەگرن، بەڵام لێدوانەکانی هەفتەی پێشوو ئارامی دەستەی داوەران و یەکێتییەکەی بەهۆی سەختی تۆمەتەکانەوە کۆتایی پێ هێنا.

یەکێک لە لێدوانە هەرە مشتومڕاوییەکان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێزدا بوو کە گوتی:

من چەندین وەرزە لێرەم و 7 چامپیۆنزلیگ و 7 نازناوی خولم بەدەستهێناوە، چونکە ئەوانی دیکەم لێ دزراوە. گەندەڵیی رێکخراو بۆ ماوەی دوو دەیەیە هەیە و هێشتا هەمان ناوبژیوانن. هەمان ناوبژیوانەکان هێشتا هەمان کارەکان بە شێوازێکی بێشەرمانە دەکەن. ئەم وەرزە 16 یان 18 خاڵیان لێ دزین.

بابەتی زیاتر

Back to top button