ئونداڤی کوڕە کورد دەبێتە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی شتوتگارت

دێنیز ئونداڤ ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی شتوتگارت دەبێتە گرانبەهاترین گرێبەستی مێژووی یانەکەی جا ئەگەر گرێبەستەکەی تازەبکاتەوە یاخود پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵد، شتوتگارت هەوڵدەدات بە زووترین کات و بە مووچەیەکی بەرز گرێبەستی ئونداڤ نوێ بکاتەوە چونکە ئەو یاریزانە گرێبەستێکی پێگەیشتووە کە دەیکاتە گرانبەهاترینی مێژووی شتوتگارت.
سەرباری ئەوە یانە ئەڵمانییەکە دەیەوێت ئونداڤ لە یانەکەیان بمێنێتەوە. ئەلیکساندەر وێرل بەڕێوبەری گشتی شتوتگارت لەوبارەیەوە بۆ سکای سپۆرت وتی
ئەوە روونە کە ئونداڤ یاریزانێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. ئەو رەتیکردووەتەوە وادەیەک دیاری بکات بۆ دانیشتن و تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بەر لەوە گرێبەستەکەی تازەبکەینەوە بەڵام ئەگەر ئەوە رووینەدا ئەوکات دەکرێت لە هاوین دا بیفرۆشین.
ئونداڤ هەواڵی دڵخۆشکەری پێیە بۆ هاندەرانی یانەکە و ئەویش بۆ سکای سپۆرت وتی
من تا سێ شەممەی داهاتوو لێرەم بەر لەوەی بەرەو جامی جیهانی بەڕێ بکەوم، ئەگەر تا ئەوکات گرێبەستە تازەکرایەوە ئەوا باشە، ئەگەر نا دواتر زەحمەت دەبێت. بەڵام هیچ هۆکارێک نیە بۆ تازەنەکردنەوەی،چونکە وەک هەمیشە وتوومە من دڵخۆشم لێرەم و هەست دەکەم خەڵکی شارەکەم. لە گفتوگۆکان جیاوازیی زۆرمان نیە و تەنها چەند ووردەکارییەک ماوە..
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو ووردەکارییە شیرینی واژۆکردنی گرێبەستەکەیەتی کە ئەو یاریزانە داوای دوو ملیۆن یۆرۆی کردووە. بەڵام لەسەر مووچەکەی رێککەوتوون و لە 4.5 ملیۆن یۆرۆ وە بەرزدەکرێتەوە بۆ 5.5 ملیۆن یۆرۆ. وە ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2029 دەبێت لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش. بەوە ناوبراو دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی شتوتگارت گرێبەستێکی وەها گرانبەهای پێشکەش بکرێت..
ئونداڤ لە 2024دا بە بڕی 27 ملیۆن یۆرۆ لە برایتنەوە گوێزرایەوە بۆ شتوتگارت، لەم وەرزەدا توانی یانەکەی بگەیەنێتە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای وەرزی داهاتوو بە تۆمارکردنی 25 گۆڵ و 14 ئەسیست لە تەنها 45 یاریدا.
رۆژنامەی بیڵد ئاماژەی بە ناوی ئەو یانەیە نەکردووە کە گرێبەستی پێشکەشکردووە بەڵام رەنگە بایەرن میونشن بێت کە پێویستی بە هێرشبەرێکە بۆ جێگرتنەوەی نیکڵاس جاکسن. ئەمەی دووهەمیان بە خواستن لە چێڵسییەوە گوازرابووەوە بۆ باڤارییە و لەم هاوینەدا دەگەڕێتەوە یانەکەی خۆی.
ئونداڤ لە کاتی ئاهەنگگێڕان بۆ گۆڵێک بە هەڵپەڕکێی کوردی



