
یاریگا –
ریاز مەحرز، ئەستێرەی جەزائیری یانەی ئەهلی سعوودی وردەکارییەكانی دەربارەی گرنگیپێدانی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپی بۆ دەستەبەرکردنی تواناكانی لە سەردەمی درەوشانەوەی لەگەڵ لێستەر سیتی ئاشکراکرد.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ریۆ فێردیناند ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ریاز مەحرز باسی چەندین وردەكاری ژیانی كرد.
خەونم ئەوە بوو بۆ بارسێلۆنا لەگەڵ گواردیۆلا و مێسی یاریی بكەم، پێش ئەوەی پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە بکەم، قسەم لەگەڵ چەند یانەیەک کردبوو، لەوانە ریال مەدرید، بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد، بەڵام لێستەر سیتی بۆ ئەوەی دەستبەردارم بێت بڕە پارەیەكی زۆر زەبەلاحی داوا دەکرد.
لە گرێبەستەکەمدا هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە نەبوو، بۆیە نەمتوانی بە ئاسانی بڕۆم، ئێنگۆلۆ کانتێ لە من زیرەکتر بوو، چونکە مەرجێکی هەڵوەشاندنەوەی بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ دانابوو، ئەوەش رێگای پێدا بچێتە چێڵسی، لە کاتێکدا من ناچار بووم دوو ساڵی دیکە لە لێستەر بمێنمەوە.
هەروەها ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی جەزائیر وردەکارییەکانی دانوستانەکانی لەگەڵ مانچێستەر سیتی گێڕایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە گواردیۆلا گەورەترین کاریگەری هەبووە لە بڕیاری کۆتاییدا و گوتی: گواردیۆلا راستەوخۆ قسەی لەگەڵ کردم و پێی گوتم; تۆم دەوێت لەگەڵم بیت، تۆ یاریزانێکی نایابی و گونجاویت بۆ شێوازی یاریکردنم دوای ئەوە دەستبەجێ پێم گوت: بمبە بۆ تیپەکەت.
لە مێركاتۆی زستانەدا پەیوەندیم بە خاوەنی لێستەرەوە کرد بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر ئۆفەرەکان بدات، بەڵام وەڵامی نەدەدامەوە و رەتی دەکردەوە بیر لە فرۆشتنم بکاتەوە، دوای ئەوە بەرپرسانی سیتی پێیان گوتم: مەترسە، لە هاویندا گرێبەستت لەگەڵ دەکەین، و ئەوەش روویدا.
ریاز مەحرز لە هاوینی 2018 لە ریزەكانی لێستەر سیتیەوە بە بەهای 67.8 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر سیتیەوە كرد.



