بڕیارێکی سەیر؛ بۆ مۆندیال ئینگلتەرا پەنا بۆ پسپۆڕانی خەو دەبات
هێنانی پسپۆڕی خەو بۆ رازی کردنی ئەستێرەکان

یاریگا –
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادە دەکات، بەڵام ئەمجارە ئامادەکارییەکان تەنیا لەناو یاریگادا نین، بەڵکو گەیشتووەتە ناو ژووری خەوتنی یاریزانەکان.
لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا بڕیاری داوە گرنگییەکی بێپێشینە بە وردترین وردەکارییەکانی ئامادەکاری بدات، کە لە سەرووی هەموویانەوە خەوی یاریزانهكان و ماوەی پیشوو یاریزانەکانە لە نێوان یارییەکاندا.
England’s World Cup stars taking own BEDDING to US after complaints over hotel https://t.co/1QlXy9gdxE
— The Sun Football ⚽ (@TheSunFootball) May 17, 2026
کێشەی جێگەی خەوتن لە کانساس
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سەن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا رێکاری نائاسایی گرتووەتە بەر سەبارەت بە شوێنی مانەوەی شاندی هەڵبژاردەکە لە کانساس.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە چەندین گلەیی و گازندە لەبارەی ئاستی ئاسوودەیی ئەو هۆتێلەی بۆ هەڵبژاردەکە دیاریکراوە، بەرزبووەوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشتر هەندێک لە میوانانی هۆتێلەکە باسیان لە رهقی جێگەی خەوتن (دۆشەک) و سەرینەکان کردووە، جگە لە خراپیی سیستمی دژە دەنگ لە ژوورەکاندا، کە دەنگی ژوورەکانی تەنیشت بە ئاسانی دەبیسترا. ئەمەش وەک فاکتەرێکی نەرێنی بینرا کە کاریگەری لەسەر ئارامی و کوالیتی خەوی یاریزانەکان دەبێت.
توخێل و پلانی خەوی شاهانە
لەسەر ئەم بنەمایە، دەستەی هونەری بە سەرۆکایەتی تۆماس توخێل، بڕیاری دا پەنا بۆ پسپۆڕانی زانستی خەو ببات، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی باشترین جۆری حەسانەوە بۆ یاریزانەکان، بەتایبەت لە ژێر فشاری یارییەکان و گۆڕانی کاتەکاندا.
بەپێی پلانەکە، ژوورەکانی هۆتێلهكه بە تەواوی دووبارە نۆژەن دەکرێنەوە و ئامادە دەکرێن؛ بۆ هەر یاریزانێک سەرین و جێگەی خەوتنی تایبەت بە پێویستییە جەستەییەکانی خۆی دابین دەکرێت، لەگەڵ بەکارهێنانی جۆرە راخەرێکی تایبەت کە یارمەتیدەرە بۆ خەوێکی قووڵ.
کیسەی خەوی كهسی بۆ هەر یاریزانێک
هەروەها هەر یاریزانێک کیسەیەکی خەوی تایبەتی پێ دەدرێت، كه کیتێکی تایبەتیی گەشتیارییە بۆ خەوتن کە پێکهاتوە لە دۆشەکی ئیسفەنجی تایبەت بۆ رێکخستنی رەقی جێگەی خەوتنەکە، لەگەڵ ئامێری تری هاوکار بۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخی گەشتکردن و ماندوێتی.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا و پەیمانگای وەرزشی بەریتانی جێبەجێ دەکرێت. ئەم هەنگاوە دەری دەخات کە لە پاڵەوانێتییەکی وەک مۆندیالدا، تەنانەت وردەکارییە بچووکەکانیش دەبنە هۆی دروستکردنی جیاوازی گەورە، بەتایبەت لە ژێر کاریگەریی گەرمای توند و شێی بەرزی هەندێک لە شارەکانی ئەمریکا.



