
یاریگا –
ئیدین هازارد، ئەستێرەی پێشووی بەلجیکی و یانەی ریال مەدرید، پەردە لەسەر کۆمەڵێک رووداو و بابەتی نەهێنی لادەدات.
لە لێدوانێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا بۆ کەناڵی Canal+ باسی لە یەکێک لە شاراوەترین رووداوەکانی کاتی گواستنەوە مێژووییەکەی لە ساڵی 2019 لە چێڵسییەوە بۆ ریال مەدرید کرد؛ گواستنەوەیەک کە بە بەهای 108 ملیۆن دۆلار کرا و هیوایەکی گەورەی لەسەر هەڵچنرا.
Quand Hazard ne voulait pas du numéro 7 de Cristiano Ronaldo au Real Madrid 🤯
La finale de la Ligue Europa 2019 décrypté par @hazardeden10 et Tony Chapron, disponible partout gratuitement 🎁 pic.twitter.com/8Tc1brfkYX
— CANAL+ Foot (@CanalplusFoot) May 18, 2026
مۆدریچ درێسەکەی پێنەدام!
هازارد لەم چاوپێکەوتنەدا بە پێکەنینەوە باسی لە کێشەی بازنەی دەسەڵات لەنێو ژووری خۆگۆڕینی لۆس بلانکۆس کرد و گوتی؛
من هەرگیز درێسی ژمارە 7ـی کریستیانۆ رۆناڵدۆم نەدەویست. ئارەزووی سەرەکییم ئەوە بوو درێسی ژمارە 10 بپۆشم کە هێشتا لای لۆکا مۆدریچ بوو. چوومە لای لۆکا و داوای ژمارەکەم لێکرد؛ لەو کاتەدا پێم وابوو پێم دەڵێت: ‘باشە کێشە نییە، فەرموو بیبە’، بەڵام لۆکا پێینەدام و داواکارییەکەی رەتکردمەوە.
بەهۆی ئەم رەتکردنەوەیەوە، هازارد ناچار بوو بچێتە ژێر نەفرەتی ژمارە 7ـی رۆناڵدۆ.
میدیاکان گوشاریان دروستکرد
هازارد جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەراوردکردنی ئەو بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنیا پلانێکی میدیایی بووە و پەیوەندی بە راستی پڕۆژەکەی ئەوەوە نەبووە لە ریال مەدرید.
پۆشینی ژمارە 7 بۆ من بارگرانایی نەبوو، چونکە بۆ ئەوە نەهاتبووم ببمە جێگرەوەی کریستیانۆ. ئەوە میدیاکان بوون کە دەیانگوت هازارد جێگەی رۆناڵدۆ دەگرێتەوە. من شێوازی یاریپێکردنم بە تەواوی لەوەی ئەو جیاواز بوو؛ من یاریزانێک نەبووم بتوانم لە وەرزێکدا 60 بۆ 70 گۆڵ بکەم، من لە تەواوی کاروانی وەرزشیمدا بە زەحمەت گەیشتوومەتە ئەو ژمارەیە!
ئەستێرەکەی پێشووی بلووز لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەیویست تەنیا وەک ئیدین هازارد لە مەدرید بدرەوشێتەوە نەک وەک کۆپییەکی رۆناڵدۆ، بەڵام زنجیرە پێکانە درێژخایەنەکان رێگەیان نەدا ئەو خەونەی لە بێرنابیۆ بەدیبهێنێت.



