ئینگلتەراگرنگترین

ژووری خۆگۆڕینی شێواندووە؛ وەین روونی داوای دەرکردنی محەمەد سەڵاح لە ئانفێڵد دەکات

"نارنجۆکی هەڵداوەتە ژووری خۆگۆڕین"

Yariga App

یاریگا –

ئاگری نێو ژووری خۆگۆڕینی لیڤەرپوول گەیشتووەتە دەرەوەی ئانفێڵد و ئەفسانەکانی پریمەرلیگیشی هێناوەتە دەنگ.

دوای ئەو لێدوانە توندەی محەمەد سەڵاح کە تێیدا بێڕێزی بە شێوازی یاریکردنی ئارنە سلۆت کرد و داوای گەڕانەوەی تاکتیکەکەی یۆرگن کلۆپی کرد، واین روونی، هێرشبەری مێژوویی ئینگلتەرا، بە توندترین شێوە وەڵامی ئەستێرە میسرییەکەی دایەوە و داوای سزادانی قورسی دەکات.

قاچەکانی سەڵاح توانای هێرشبەریی خێرا نەماوە
لە بەرنامەی تایبەتی خۆیدا، روونی رەخنەی توندی لە داواکارییەکەی سەڵاح گرت بۆ گەڕانەوەی شێوازی هێرشبەریی خێرا ، و پێی وایە ئەمە تەنیا بیانوویەکە بۆ داپۆشینی شکستەکانی.

ئەو دەڵێت با بگەڕێینەوە بۆ تۆپی پێی هێرشبەریی خێرا، واتە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کلۆپ. بەڵام پێم وا نییە مۆ سەڵاح چیدیکە بتوانێت بەرگەی ئەو جۆرە تۆپی پێیە بگرێت. قاچەکانی توانای ئەوەیان نەماوە بەو توندی و چڕییە بەرزە یاری بکەن. ئەو تەنیا دەیەوێت خۆی بێتاوان پێشانبدات، چونکە وەرزێکی زۆر خراپی بەڕێکردووە.

ژمارەکانیش قسەکانی روونی پشتڕاست دەکەنەوە؛ سەڵاح کە وەرزی پێشوو باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ بوو بە 29 گۆڵ، ئەم وەرزە ئاستی بە تەواوی دابەزیوە و تەنیا 7 گۆڵی تۆمارکردووە.

نارنجۆکێک لەنێو ژووری جلگۆڕیندا
روونی پێی وایە رەفتارەکەی سەڵاح لووتکەی خۆپەرستییە و کێشەیەکی گەورەی بۆ یانەکە و هاوڕێکانی دروستکردووە.

ئەو نارنجۆکێکی هەڵداوەتە نێو تیپەکەوە. بەم کارەی پێی وتن کە متمانەی بە سڵۆت نییە و تەنانەت هاوڕێکانیشی خستووەتە دۆخێکی یەکجار شەرمەزارکەر و قورسەوە بۆ وەرزی داهاتوو، چونکە ئەوان دەبێت بمێننەوە و مامەڵە لەگەڵ ئەم وێرانکارییەدا بکەن.

 یاساکەی فێرگسن؛ پێویستە سەڵاح بێبەش بکرێت لە ماڵئاوایی
سەڵاح بڕیارە لە یاریی داهاتووی بەرامبەر برێنتفۆرد بۆ کۆتا جار ماڵئاوایی لە هاندەرانی ئانفێڵد بکات، بەڵام روونی پێشنیارێکی شۆکهێنەری بۆ سڵۆت هەیە: بێبەشکردنی سەڵاح لەو یارییە! روونی بیرەوەرییەکی خۆی لەگەڵ سێر ئالێکس فێرگسن دەهێنێتەوە و دەڵێت؛

ئەگەر من لە جێگەی سڵۆت بوومایە، لە کۆتا یاری نەمدەهێشت نزیکی یاریگاکەش بکەوێتەوە! من لەگەڵ فێرگسن هەمان شتم بەسەرهات. ناکۆکییەکمان هەبوو، بۆیە لە کۆتا یاری لە ئۆڵد ترافۆرد، بەو هۆیەوە لە پێکهاتەکە دەریهێنام. نابێت دوو جار بە ئاشکرا بێڕێزی بە راهێنەرەکەت بکەیت و بەبێ سزا لێی دەرباز بیت.

لەکۆتاییدا، رۆنی دان بەوەدا دەنێت کە سەڵاح ئەفسانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەم شێوازە لە ماڵئاواییکردن و دروستکردنی پاشاگەردانی، شایستەی ئەو مێژووە نییە کە لە ئانفێڵد دروستیکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button