
یاریگا –
ئێنریکێ ریکیڵمێ، بازرگانە گەنجەکە و رکابەری چاوەڕوانکراوی فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە رێگەی نامەیەکی فەرمییەوە بێدەنگییەکەی شکاند.
ریکیلمێ کە ئێستا بۆ کارێکی بازرگانی لە مەکسیکە، نامەیەکی ئاڕاستەی پێرێز کردووە و تێیدا داوای پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی شەفاف و مۆدێرن دەکات.
ریکیلمێ لە نامەکەیدا، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە نێو میدیاکانی ئیسپانیادا دروست کردووە، رێزێکی زۆری بۆ مێژووی پێرێز پێشانداوە، بەڵام هاوکات رەخنەی توندی لە شێوازی بانگهێشتکردن بۆ هەڵبژاردنەکان گرتووە، هەروەها پێی وایە ئەو مەرج و کاتە کەمەی بۆ هەڵبژاردن دیاریدەکرێت، لەگەڵ دیموکراسییەکی مۆدێرن ناگونجێت و رێگرە لەوەی ئەندامانی یانەکە بە وردی بڕیار لەسەر داهاتووی ریال مەدرید بدەن.
📜 La carta de Enrique Riquelme a Florentino Pérezhttps://t.co/588xA43jDu
— Diario AS (@diarioas) May 13, 2026
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لە نامەکەیدا، ئاماژەدان بوو بە توانای دارایی کۆمپانیاکەی، کە بە گوتەی خۆی دوو ملیار دۆلار سەرمایەی هەیە، ئەمەش وەکوو پەیامێکی راستەوخۆ بۆ پێرێز لێکدەدرێتەوە کە مەرجە داراییە قورسەکانی سەرۆکایەتی نابنە رێگر لەبەردەم بەربژێربوونی. ریکیلمێ داوا دەکات دیالۆگێک دەستپێبکات بۆ ئەوەی رێگری لە دابەشبوون و گرژیی ناوخۆیی یانەکە بکرێت و ریال مەدرید بۆ 20 ساڵی داهاتوو جێگیر بکرێت.



