وازبهێنە؛ چێزنی ئامۆژگاریی لیڤاندۆڤسکی دەکات
گۆڵپارێزەکە مانەوە لە بارسا هەڵدەبژێرێت

یاریگا –
ڤۆیچێخ چێزنی پێش یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید، پابەندبوونی خۆی بە یانەی بارسێلۆنا دووپاتکردەوە و لە هەمان کاتدا بە گاڵتەوە باسی لە داهاتووی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هاونیشتمانی کرد.
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئامۆژگاریی لیڤاندۆڤسکی کردووە بۆ ئەوەی بچێتە یوڤێنتوس، چێزنی بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی:
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەزموونی خۆم ئامۆژگاریی بکەم پێی دەڵێم وازبهێنە، چونکە ئەو کاتە باشترین ئۆفەرەکان دێن.
ئەم گۆڵپارێزە خۆی هاوینی رابردوو دوای ئەوەی مارک ئاندرێ تێر شتێگن تووشی پێکانێکی درێژخایەن بوو، لە وازهێنان پەشیمان بووەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە بارساوە بکات. لە تەمەنی 36 ساڵیدا، گۆڵپارێزەکەی پێشووی ئارسیناڵ، رۆما و یوڤێنتوس هێشتا هەست دەکات توانای هەیە و دەڵێت : “هێشتا ئارەزووم هەیە و هێشتا دەتوانم.”

چێزنی پێشتر ئۆفەرەکانی بۆ رۆیشتن لە بارسێلۆنا رەتکردووەتەوە، لەوانە ئۆفەری یانەیەکی گەورەی لالیگا کە دڵنیایی پێگەی سەرەکییان پێدابوو. چێزنی سەقامگیری، ژیانی خێزانی و مانەوە لە بارسێلۆنای لە پێش پارە و کاتی یاریکردن داناوە.
گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە ستایشی هانزی فلیکی راهێنەر و پڕۆژەی بارسای کرد و گوتی:
هانزی پێشتر چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ بارسێلۆنا نا. وا دیارە ویستێکی زۆری هەیە ئەو راهێنەرە بێت کە نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە.
سەبارەت بە دوورخستنەوەی بارسا لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم وەرزەدا، چێزنی ئاماژەی بەوەدا کە بێهیواکەر بوو کە تەنیا دوو یاری کۆتایی بە هیواکانیان لە ئەوروپا و جامەکە هێنا، بەڵام بڕوای وایە پێکهاتەکە دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ لە بەرزترین ئاستدا رکابەری بکات.
لە کۆتاییدا باسی لە کیلیان ئێمباپێ کرد و ئەوەی بیرهێنایەوە کە هەرچەندە جارێکیان لە کلاسیکۆیەکی پێشوودا لێدانێکی سزای ئەم ئەستێرە فەرەنسییەی گەڕاندووەتەوە، بەڵام گوتی: “ئەو هەر گۆڵی لێکردم و یارییەکەمان دۆڕاند.”



