بارسا و خولیان ئالڤارێز: رێگای جیاواز لە بردنەوەی نازناوەکاندا
دوو چیرۆکی جیاواز کۆیان دەکاتەوە

یاریگا –
خولیان ئالڤارێز لە ساڵی 2024 پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە کرد دوای ئەوەی یەکێک لە سەرکەوتووترین کۆمەڵە نازناوەکانی لە مێژووی نوێی تۆپی پێدا کۆکردەوە.
لە تەمەنی 24 ساڵیدا، هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە 16 نازناوی بردبووەوە، لەوانە جامی جیهانیی فیفا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، دوو نازناوی کۆپا ئەمریکا، خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، سێ نازناوی پرێمەرلیگ و جامی جیهانیی یانەکان.
بەڵام، کاتی ئەو لە ئاتلێتیکۆ ئەو سەرکەوتنانەی پچڕاند. لە ماوەی دوو وەرزدا لەگەڵ یانە مەدریدییەکە، خولیان هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە کە ئەمەش لە ژیانی وەرزشیدا شتێکی تەواو نوێ بوو.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی بارسێلۆنا لەوەتەی هانزی فلیک لە ساڵی 2024 بووەتە راهێنەر، بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا رۆیشتووە. لەژێر دەستی راهێنەرە ئەڵمانییەکەدا، بارسا جارێکی دیکە لە نێوخۆدا باڵادەست بووەتەوە. یانەکە نزیکە لە بردنەوەی دووەم نازناوی لەسەریەکی لالیگا و پێشتر دوو نازناوی سوپەری ئیسپانیا و یەک جامی شای بردوەتەوە، کە لە هەموو یارییە کۆتاییەکاندا لە ریال مەدریدی بردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکان خولیان ئالڤارێز ئامانجی سەرەکی بارسایە بۆ هێڵی هێرشبەر. فلیک وەکوو نموونەیەکی گونجاوی هێرشبەر دەبینێت بۆ تیمێک کە دەیەوێت بەردەوام بێت لە بردنەوەی نازناوەکان و لە ئەوروپاش باشتر بێت.
جێی سەرنجە، خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا وەکوو کارێکی تەواونەکراوی بارسا ماوەتەوە. لەم وەرزە بارسا لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ، تیمەکەی خولیان دوورخرایەوە، کە لە جامی شای ئیسپانیاش دەریانکردن.
بۆیە ئەگەری گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا دوو چیرۆکی جیاوازی ئەم دواییە پێکەوە کۆدەکاتەوە: وشکەساڵی نازناوەکانی خولیان لە ئاتلێتیکۆ و گەڕانەوەی بارسا بۆ سەر رێگای بردنەوەکان.



