پێیان وایە نازانم چۆن تۆپی پێ بکەم؛ دێمبێلێ بە وتەیەکی گاڤی وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە
رابەرایەتی پاریسی بۆ یاریی کۆتایی کرد

یاریگا –
دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان گەیشتە یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، عوسمان دێمبێلێ بە بڵاوکردنەوەی وتەیەکی بەناوبانگی هاوڕێکەی، گاڤی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وەڵامی رەخنەگرانی دایەوە.
ساڵی رابردوو پێش ئەوەی یانەی بارسێلۆنا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی بۆروسیا دۆرتموند ببێتەوە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانئ پێش یارییەکە گاڤی گوتی:
زۆر کەس وا بیر دەکەنەوە کە من نازانم تۆپی پێ بکەم… ئەوان هیچ زانیارییەکیان نییە. ئەوە راستییەکەیە، بەڵام شتێکی بەجێیە. لە کۆتاییدا، ئەمە تۆپی پێیە و هەموو کەسێک چۆنی بووێت وا بیر دەکاتەوە.
رێک دوای ئەوەی پاریس سان جێرمان بۆ یاریی کۆتایی لە بوداپێست سەرکەوت، دێمبێلێ ئەو کورتە ڤیدیۆیەی لە ستۆری ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە زۆرێک لە هاندەرانی تووشی سەرسوڕمان کرد. ئەوە یەکەم کاردانەوەی گشتی ئەو بوو دوای یارییەکە.
— CulerLad (@TheCulerLad) May 6, 2026
هێرشبەرە فەرەنسییەکە و گاڤی لە کاتی پێکەوەبوونیان لە بارسا بوونە هاوڕێی نزیک، کاتێک هەردووکیان هەوڵیان دەدا پێگەی خۆیان لە تیمی یەکەمدا جێگیر بکەن.
دێمبێلێ دواتر وێنەی ئاهەنگگێڕانی لەگەڵ هاوتیمەکانی لە پاریس سان جێرمان لە ژووری جلگۆڕین بڵاوکردەوە. ئەستێرە فەرەنسییەکە چێژ لە یەکێک لە باشترین ساتەکانی ژیانی وەرزشیی وەردەگرێت. دوای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی رابردوودا لەژێر سەرپەرشتی لویس ئێنریکێ، هەروەها خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025ـیشی بردەوە.

ئێستا، دوای سێ گۆڵ و ئەسیستێک بەرامبەر بایرن میونشن لە یاریی پێش کۆتاییدا، دێمبێلێ جارێکی دیکە رابەرایەتی پاریس سانجێرمان بەرەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکات و بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی ئەم تیمە مێژووییە.



