مەرجەکانی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید ئاشکرا دەکرێن؛ وەڵامی پێرێز بێهیواکەر بووە
دەنگۆکان رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبن

یاریگا –
باس و خواسی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید بووەتە مشتومڕی میدیاکان، بەڵام راهێنەرە پۆرتوگالییەکە مەرجی قورسی هەیە و تەنیا بە جێبەجێکردنیان ئامادەیە جارێکی دیکە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی شاهانە بگرێتە ئەستۆ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆ مارکا، جۆزێ مۆرینیۆ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز و ریال مەدرید، کۆمەڵێک مەرجی روون و جێگیرکراوی داناوە. سەرچاوەکە وردەکارییە سەرەکییەکان دەربارەی مەرجەکانی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید ئاشکرا کردووە.
1- گرێبەستێک بۆ ماوەی دوو ساڵ.
2- سنووردارکردنی ئەرکە میدیاییەکان؛ مۆرینیۆ تەنیا دەیەوێت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە ناچارییەکاندا ئامادەبێت و بە تەنیا لەسەر کاروباری تیمی یەکەم قسە بکات. هەروەها دەیەوێت وتەبێژێکی یانەکە ئەرکی بابەتەکانی دیکە بگرێتە ئەستۆ، دوای ئەوەی لە قۆناخی پێشووی کارکردنیدا هەستی بەوە کردووە رووبەڕووی فشاری زۆر کراوەتەوە.
3- دەسەڵاتی تەواو بەسەر ستافی راهێنەرایەتی؛ جۆزێ دەیەوێت تیمی تایبەتی خۆی بباتە یانەکە، ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ رۆڵێک بۆ ئانتۆنیۆ پینتۆس نامێنێت، لە کاتێکدا ئالڤارۆ ئاربێلوا بە شێوەیەکی تایبەت داوا نەکراوە، بەڵام دەکرێت لە تیمەکەدا بێت.

وەڵامەکەی سەرۆکەکەی ریال مەدرید کورت و پوخت بووە: “دواتر قسە دەکەین.”
ئەم وەڵامە بووەتە هۆی بێهیوایی کەسە نزیکەکانی دەوری مۆرینیۆ بە خۆرخێ مێندێشیشەوە، کە چاوەڕێی کاردانەوەیەکی روونتر بوون. تاوەکوو ئێستا دۆخەکە کراوەیە. سەرۆک هەنگاوی یەکەمی ناوە، لە داواکارییەکانی مۆرینیۆ تێگەیشتووە و ئێستا بڕیار دەدات کە ئایا بەردەوام بێت لەگەڵیدا یان بیر لە بژاردەکانی دیکە بکاتەوە.



