بەپەلە؛ ئینتەر گرنگیپێدانی بارسێلۆنا بە باستۆنی پشتڕاست دەکاتەوە
پلانی وەرزی داهاتوو دادەنێت

یاریگا –
یانەی ئینتەر میلان بە ئاشکرا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە یانەی بارسێلۆنا ئارەزووی گواستنەوەی ئالیساندرۆ باستۆنی دەکات.
دوای بردنەوەی خولی ئیتاڵیا، ئینتەر لە ئێستاوە خەریکی پلاندانانە بۆ پرۆژەی داهاتووی و رەنگە ناچاربن یاریزانێکی سەرەکی بفرۆشن. ئەگەر ئۆفەرێکی بەهێز بگات، دەکرێت باستۆنی یانەکە جێبهێڵێت. جۆسێپی مارۆتای سەرۆکی یانەکە بۆ یەکەمجار دانی بەم گرنگیپێدانەنا، بەڵام هەوڵیدا گرنگییەکەی کەم بکاتەوە و گوتی:
من ئەوە رەت ناکەمەوە کە بەرشەلۆنە گرنگی پێدەدات، بەڵام بۆ ئێستا ئەمە زۆر رووکەشییە و لەم قۆناخەدا هیچ سوودێکی نییە زیاتر باسی لێوە بکەین. وەکوو هەمیشە گوتوومانە، یاریزانەکە تەنیا ئەو کاتە دەڕوات کە خۆی ئەو ئارەزووە نیشان بدات. بۆ ئێستا، ئەو یاریزانی ئێمەیە، دەیەوێت بمێنێتەوە و ئێمەش لەگەڵی دڵخۆشین.

مارۆتا باستۆنی بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان وەسف کرد، ئەمەش ئەوە روون دەکاتەوە بۆچی زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەورووپا چاودێریی دەکەن و نرخەکەشی لە بازاڕدا بەرزە. ئینتەر ئاگادارە کە رەنگە پێویستی بە فرۆشتنێکی گەورە بێت و ئێستا بە ئاشکرا باسی بارودۆخی باستۆنی دەکەن. ئەوان چاوەڕێ دەکەن بارسا هەنگاوێکی فەرمی بنێت و ئۆفەرێکی راستەقینە پێشکەش بکات. لە ئیتاڵیا باوەڕ وایە کە ئینتەر بە نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ بیفرۆشێت، لە کاتێکدا بارسا هەوڵ دەدات نرخەکە کەم بکاتەوە.
#Marotta: “#Bastoni? Interesse Barcellona per ora superficiale. Con #Fabregas ci fu solo un contatto preliminare” https://t.co/fsS1To3hPa
— Alfredo Pedullà (@AlfredoPedulla) May 4, 2026
هەنگاوی داهاتوو بەندە بە خودی باستۆنی. لە هەفتەکانی داهاتوودا، چاوەڕوان دەکرێت ئەو یاریزانە لەگەڵ ئینتەر قسە بکات؛ ئەگەر بە راستی بیەوێت پەیوەندی بە بارساوە بکات، پێویستە بە شێوەیەکی روون نیشانی بدات، چ بە نهێنی بێت یان بە ئاشکرا، تاوەکوو گواستنەوەکە ئەنجام بدرێت.



