ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید تووڕەیە؛ کێشەکانی کیلیان ئێمباپێ قووڵتر دەبنەوە

بێباکی کیلیان لە کاتی پێکانەکەیدا مەدرید تووڕە دەکات

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا ریال مەدرید بە قۆناخێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و بارسێلۆنا خەریکە ئاهەنگی بردنەوەی لالیگا دەگێڕێت، بێباکیی کیلیان ئێمباپێ لە دەرەوەی یاریگا، زەنگێکی مەترسیداری لە ڤاڵدێبێباس لێداوە.

رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید لە رەفتارەکانی ئێمباپێ زۆر نیگەرانە، چونکە یاریزانەکە لەبری ئەوەی بە بێدەنگی پشوو بدات، لەگەڵ خۆشەویستەکەی گەشتی بۆ ئیتاڵیا کردووە و ڤیدیۆی دابەزینی لە فڕۆکە تایبەتەکەی تەنیا چەند خولەکێک پێش یارییەکەی ریال مەدرید و ئیسپانیۆل بڵاوبووەتەوە.

لە کاتێکدا کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و یاریزانەکانی دیکە لەنێو یاریگا شەڕیان بۆ هێشتنەوەی ئومێدەکانی مێرێنگی دەکرد، وێنەکانی گەشتەکەی ئێمباپێ بۆ شاری کالیاری لەگەڵ خۆشەویستەکەی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی. هاندەرانی یانەی شاهانە ئەمەیان وەکوو جۆرێک لە بێڕێزی و پشتتێکردن لە یانەکە لێکدایەوە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە نەک تەنیا هاندەرانی تووڕەکردووە، بەڵکوو لەنێو ئۆفیسەکانی ڤاڵدێبێباسیشدا نیگەرانی و سەرسوڕمانی دروستکردووە. کارگێڕیی ریال مەدرید گڵۆپی سەوزی بۆ ئێمباپێ هەڵکردبوو تاوەکوو پشوو بدات، بەتایبەت کە دەزانن بەشدارییەکی گەورەی هەبووە (41  گۆڵ لە 41 یاریی) و بە ئەژنۆیەکی پێکراوەوە یاریی کردووە. بەڵام مۆڵەتەکە بۆ ئەوە نەبووە گەشتەکانی بکاتە بابەتێکی میدیایی قەرەباڵغ و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی یاریزانەکانی دیکە لە ژووری جلگۆڕین دروستبکات، بەتایبەت کە یاریی کلاسیکۆ نزیک بووەتەوە.

لەدوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی یارییەکەی ئیسپانیۆل، ئالڤارۆ ئاربێلوا، ئامادەنەبوو وەکوو قەڵغانێک بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە دەربکەوێت. کاتێک پرسیاری لێکرا، بە شێوازێکی دیبلۆماسییانە بەڵام پڕ لە پەیام رایگەیاند؛

پلانی چارەسەری پێکانەکان لە ئەستۆی تیمی پزیشکیدایە، ئەوان بڕیار دەدەن کێ بێتە ڤاڵدێبێباس و کێ پشوو بدات. بەڵام لەوێ بەدواوە، هەرکەسە و ئەوە دەکات کە بە گونجاوی دەزانێت لە کاتی بەتاڵیدا؛ من ناتوانم دەستوەردەمە ئەو بابەتەوە.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، پشکنینە پزیشکییەکانی دوای یارییەکەی ریال بێتیس دەریانخست کە بەشداریکردنی ئێمباپێ لە کلاسیکۆدا قورس دەبێت. هەر بۆیە پزیشکەکان بڕیاریاندا پشوووەرگرتن بکەنە پێشینەی کارەکانیان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی. لە چەند رۆژی داهاتوودا پشکنینی نوێی بۆ دەکرێتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لالیگا تاڕادەیەکی زۆر بۆ بارسێلۆنا یەکلایی بووەتەوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە ریال مەدرید هیچ سەرکێشییەک بە ئەستێرە فەڕەنسییەکەیەوە نەکات و پێکانی ئەژنۆی زیاتر قورس نەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button