
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد لە کلاسیکۆی ئینگلتەرا هاندەرانی تینووی یانەکەی بە بردنەوەیەکی گرنگ شادکردەوە کاتێ لە هەفتەی 35ی خولی ئینگلیزی 3-2 لەنێو ئۆڵدترافۆرد شکستی بە لیڤەرپوول هێنا.
تیمەکەی مایکڵ کاریک هەر لەسەرەتاوە بەبەهێزی دەرکەوتن، بەجۆرێک تەنها لە ماوەی کەمتر لە چارەکی یەکەمی گێمی یەکەمدا توانیان بە دوو گۆڵ لە رێگەی ماتیوس کونیا و بینیامین شێشکۆ میوانەکەیان شۆک بکەن.
ئەگەرچی ئارنە سڵۆت هەوڵی دا لە گێمی دووەمدا قەرەبووی گێمی یەکەم و کۆی وەرزە کارەساتبارەکەی بکاتەوە بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە رێگەی دۆمێنیک سۆبۆسڵای و کۆدی خاکپۆ، بەڵام خاوەن ماڵ دەیانزانی هاندەرە تینوەکانیان چیان لێیان دەوێ. بردنەوەی کلاسیکۆی ئینگلتەرا و پەڕینەوە لەسەر پشتی رکابەرە مێژووییەکەیان راستەوخۆ بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو. لەوەشدا کۆبی مەینوو قسەی خۆی کرد و لە خولەکی 77 گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد و شیرینی نوێکردنەوەی گرێبەستە نوێیەکەی بە هاندەرانی شەیتانە سوورەکان بەخشی.
هەرچی لیڤەرپوولە، کە خاوەنی 58 خاڵە، دەبێ چیتر تەنها بیری لای ئەنجامی یارییەکانی خۆی نەبێ کە سێ یاریی دیکەی ماوە لە وەرزەکە، بەڵکوو چاوێکی لەسەر ئاستۆنڤیلا و یەکێکی لەسەر بۆرنمۆس بێت نەبادا بەیەکجاریی ئاگر لە خەرمانی وەرزەکەی بەربدەن و بلیتی چامپیۆنزلیگی لێ بسێننەوە.
بەوپێیەی ئەو دوو یانەیە، هەمان ئامانجی چامپیۆنزلیگیان هەیە. ڤیێلا 58 خاڵ بەڵام یارییەک کەمتر، بۆرنمۆسیش 52 خاڵ پێکەوە دوو هەڕەشە گەورەکەی سەر رێدزن.
لیڤەرپوول سێ یاریی ئێجگار قورسی لەپێش ماوە. یەکێکیان چێڵسیە، ئەوی دیکەیان ئاستۆن ڤیلای رکابەرێتی و هەفتەی پێش کۆتایی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەوی دیکەیان برێنتفۆردە کە ئەمەشیان بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ لە پلەی حەفتەم دێت و ئامانجی ئەوروپی هەیە کە ئێستا لە پێگەی کۆنفرانسلیگە بە جیاوازیی حەفت خاڵ لە چامپیۆنزلیگ و تەنها خاڵێک لە یۆرۆپالیگ کە ئێستا بۆرنمۆس تێیدایە.



