پاریس سانجێرمان جووڵەی فەرمی بۆ گواستنەوەی گەوهەرەکەی ریال مەدرید دەکات
مەرجێکی گرێبەستەکە گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات

یاریگا –
پاریس سانجێرمان هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی خوان مارتینێز، بەرگریکاری ریال مەدرید دەستپێدەکات.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، پاریس سانجێرمان بۆ بەهێزترکردنی پێکهاتەکەی چاوی بڕیوەتە ریال مەدرید، بەڵام سەرنجی لەسەر یاریزانانی تیمی یەکەمی ریال مەدرید نییە، بەڵکوو چاوی بڕیوەتە ئەستێرە لاوەکانی کاستیا و بەتایبەت سەرنجی لەسەر خوان مارتینێز، بەرگریکاری لاوی ئیسپانییە.
خوان مارتینێز یەکێکە لە گەوهەرەکانی “لا فابریکا” ئەکادیمیای ریال مەدرید، ئەو بەرگریکارە لاوە هێشتا یاریی فەرمی بە درێسی تیمی یەکەم نەکردووە بەڵام یەکێکە لەو یاریزانانی ئەگەرێکی زۆری هەیە بەمزووانە بۆ تیمی یەکەمی ریال مەدرید سەربخرێت، لە دەرەوەی ریال مەدرید چەند یانەیەکی دیکەش بە وردی چاودێری دەکەن و ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.

لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشی پاریس سانجێرمان ماوەیەکە بە چڕی چاودێری خوان مارتینێز دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری گواستنەوەی دەکات، ماوەیەک لەمەوبەریش بەفەرمی گرنگیپێدانی خۆی بە یاریزانەکە راگەیاندووە.
ریال مەدرید بەباشی پارێزگاری لەو بەرگریکارە 18 ساڵانییە کردووە و گرێبەستەکەی تاوەکوو هاوینی 2029 نوێکردووەتەوە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەش 150 ملیۆن یۆرۆیە، بۆیە مێرێنگی ئارامە و پاریس بەبێ رێککەوتن لەگەڵ ریال مەدرید ناتوانێت لەو یاریزانە نزیکبێتەوە.
گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ پاریس سانجێرمان پڕۆسەیەکی سەخت و ئاڵۆزە، چونکە مارتینێز سەرەڕای ئەوەی یاریی بۆ تیمی یەکەم نەکردووە بەهای لە بازاڕی گواستنەوە زۆر بەرزە، لویس کامپۆسیش ئەو راستییە دەزانێت و بەم دواییە لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی لاوان لە نزیکەوە بینەری یاریکردنی ئەو یاریزانە بووە و دەزانێت چ توانایەکی بەرزی هەیە.
گرفتە گەورەکەی دڵی بەرگری؛
ریال مەدرید لە دڵی بەرگری بەدەست گرفتی گەورە دەناڵێنێت، ئێدێر میلیتاو، بەرگریکاری بەڕازیلی بەهۆی پێکانێکی سەخت چەند مانگێک دووردەکەوێتەوە، یانەکە جیا لەوەی پێویستە بەرگریکاری نوێ بگوازێتەوە، پێویستە پێداچوونەوە بۆ دۆخی چەند بەرگریکارێکیشی بکات.
یانەکە دەیەوێت گرێبەستی ئانتۆنیۆ رودیگەر نوێبکاتەوە، دەیڤد ئالابا گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و ماڵئاوایی دەکات، داهاتووی راوول ئاسێنسیۆ ناڕوونە و گەڕاندنەوەی خاکۆبۆ رامۆن لە کۆمۆی ئیتاڵییەوە یاخود دەستبەرداربوونی بەشێوەی یەکجاری دەبێت یەکلایی بکرێتەوە.
هەروەها لە تیمی لاوان هەرسێ بەرگریکار، ئاگوادۆ، ڤاڵدێپێناس و خوان مارتینێز ئامادەن بۆ ئەوەی لە تیمی یەکەم یاریی بکەن، هەروەها ئۆفەری یانەکانی دیکەیان لەبەردەستە و دەتوانن ریال مەدرید جێبهێڵن، بەڵام مێرێنگی تاوەکوو پلانی خۆی بۆ هێڵی بەرگری تیمەکە روون نەکاتەوە رێگە بە رۆیشتنی کەسیان نادات.



