
یاریگا –
کاپتنی پێشووی مانچێستەر یونایتد لەم وەرزەدا بەدەست کێشەیەکەوە لە حەوزیدا دەناڵێنێت و لە مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ ئیپسویچ تاون یاریی نەکردووە.
لە لێدوانێکی پڕ لە سۆزدا، ئاشلی یەنگ پشتڕاستی کردەوە کە لە کۆتایی وەرزی ئیپسویچ تاوندا، کۆتایی بە کاروانە وەرزشییە سەرسوڕهێنەرەکەی دەهێنێت کە 23 ساڵی خایاند.
یەنگ گوتی:
زۆر شانازی دەکەم و بەختەوەرم کە توانیم هەموو ئەو شتانە بەدەست بهێنم، کە لە کاروانی وەرزشیمدا بەدەستم هێناوە. زۆر روونادات دانیشیت و بیر لەمە بکەیتەوە لە کاتێکدا هێشتا لە نێو یارییەکەدایت، بەڵام من لە ماوەی 23 ساڵی رابردوودا لە خەونەکەمدا ژیاوم. ئێستا کاتی ئەوەیە کەمێک بیر لەوە بکەمەوە کە توانیم چی بەدەست بهێنم و لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا بڕیار دەدەم کە لە داهاتوودا چی دەکەم. بەڵام ئەمە هەمووی بۆ داهاتووە. سەرنجی تەواوم لەسەر رۆژی شەممە و یارمەتیدانی ئەم یانەیەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان، کە ئەویش سەرکەوتنەوەیە بۆ پریمەرلیگ.

ئیپسویچ لە پلەی دووەمی خشتەی چامپیۆنشیپدایە و سەردەکەوێتەوە بۆ پریمەرلیگ بەو مەرجەی لایەنی کەم ئەنجامەکەیان لە رۆژی شەممەدا هاوشێوەی ئەنجامەکانی میڵواڵ و میدڵزبرۆ بێت، کاتێک لە یاریگای پۆرتمان رۆد رووبەڕووی کوینز پارک رەینجەرز دەبنەوە.
کیران مەککێنا، راهێنەری یانەکە بە ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی راگەیاند:
کاروانی وەرزشیی ئاشلی لە یارییەکەدا گوزارشت لە خۆی دەکات و جێگەی شانازی بوو کە کارم لەگەڵ کردووە، سەرەتا لە مانچستەر یونایتد و پاشان لێرە لە ئیپسویچ لەم وەرزە. ئەو پیشەگەری، کێبڕکێ و کوالێتییەی کە هەموو رۆژێک نیشانی دەدات کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تیمەکە هەبووە لەم وەرزەدا و دەزانم کە هیچ شتێکی دیکەی ناوێت، جگە لەوەی کۆتایی بە کاروانەکەی بهێنێت بە یارمەتیدانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان.



