ئیسپانیاگرنگترین

گەڕانەوە بۆ سەردەمی 2004؛ ریال مەدرید بەرەو کارەساتێکی مێژوویی هەنگاو دەنێت

داڕمانی بەرگریی ریال مەدرید و مەترسیی سوکایەتییەکی مێژوویی لە کلاسیکۆ

Yariga App

یاریگا –

کاتێک ئالڤارۆ ئاربێلوا ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی گرتە دەست، هیوایەک بۆ رکابەریکردنی بارسێلۆنا گەشایەوە، بەڵام ئێستا ژمارەکان راستییەکی تاڵ دەردەخەن؛ ئاربێلوا نەک نەبووە چارەسەر، بەڵکوو مەدریدی تووشی قەیرانێک کردووە کە لە ساڵی 2004ـەوە هاوشێوەی نەبینراوە.

 ئاربێلوا؛ خراپتر لە ئاڵۆنسۆ

گەورەترین شۆک بۆ هاندەرانی ریال مەدرید ئەوەیە کە ئاربێلوا لە تەنیا 14 یاریی لالیگادا، 13 خاڵی لەدەستداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە چابی ئاڵۆنسۆ لە تەواوی قۆناخی یەکەمی خولەکەدا تەنیا 12 خاڵی لەدەستدابوو. ئەم ئامارە دەریدەخات کە تیپەکە لە رووی ئەنجامەوە پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە و ئەو سەقامگیرییەی سەردەمی چابی نەماوە.

کارەساتی بەرگری
دیواری بەرگریی مێرێنگی بە تەواوی درزی بردووە. یانەکە لە دوایین 10 لە لالیگا نەیتوانیوە کلین شیت بکات. دوایین جار مەدرید لە دۆخێکی وەها خراپدا بێت، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 لە سەردەمی کارلۆس کیرۆش کە تێیدا 20 یاریی بەدوای یەک گۆڵیان لێکرا. ریال مەدرید لە تیپێکی پۆڵاینەوە گۆڕاوە بۆ تیپێکی شکاو و لاواز کە لە دوایین ساتەکاندا خاڵەکان دەبەخشێت.

خولەکەکانی کۆتایی؛ بکوژی لۆس بلانکۆس

لە کاتێکدا ریال مەدرید مێژوویەکی دێرینی لە بردنەوە لە خولەکەکانی کۆتاییدا هەبوو، ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. مەدرید تەنیا لە یارییەکانی ریال بێتیس، ئالاڤێس، مایۆرکا و ئۆساسونا پێنج خاڵی گرنگی لە خولەکەکانی 90 لەدەستداوە. ئەمە نیشانەی نەمانی وردەکاری، ماندوێتی جەستەیی و دەروونی یاریزانەکانە لە ژێر دەستی ئاربێلوا.

ئێستا جیاوازییەکە لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتووەتە 9 خاڵ. ئەگەر بارسا لە خیتافێ بباتەوە، مەدرید دەکەوێتە بەردەم مەترسییەکی دەروونی گەورە. مەترسییەکە تەنیا لەدەستدانی نازناوەکە نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە مەدرید ناچار بێت لە یاریی کلاسیکۆدا رێڕەوی شەرەف بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا دروستبکات، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 2008  بارسا بۆ مەدریدی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button