
یاریگا –
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی وەرزە، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لە ئیتاڵیاوە تەواوی ئەوروپای هەژاندووە؛ پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی، لە هەموو کاتێک نزیکترە لەوەی خەونە کۆنەکەی بەدیبهێنێت و ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی دڵخوازی.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لەدوای ماڵئاواییکردنی لە مانچێستەر سیتی، گواردیۆلا ئارەزوو دەکات ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا وەربگرێت.
هەمان سەرچاوە روونیکردووەتەوە، پەیوەندی پێپ و ئیتالیا پەیوەندییەکی تەنیا پیشەیی نییە؛ لە برێشیا و رۆما یاریی کردووە، زمانی ئیتاڵی بە پاراوی دەزانێت و عەشقێکی شێتانەی بۆ ئەو وڵاتە هەیە، ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتە گرێبەستی پێشکەشبکات، بێدوودڵی و بەخۆشحاڵییەوە ئەرکی هەستانەوەی ئازووری دەگرێتە ئەستۆ.

هەروەها، لیۆ بۆنوچی، ئەستێرەی پێشووی ئازووری دەڵێت؛
ئەگەر بمانەوێت لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە، دەبێت پەنا بۆ گواردیۆلا بەرین، خەونبینین بە پێپ تێچووی نییە، بەڵام دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت.
رۆژنامە ناودارەکەی ئیتاڵیا دەشڵێت، گواردیۆلا دەیەوێت لەدوای مان سیتی ماوەیەک پشوو وەربگرێت و دواتر ببێتە راهێنەری ئیتاڵیا. هەروەها لایەنی دارایی دوایین شتە کە پێپ بیری لێ بکاتەوە، ئەو بۆ پارە ناچێتە ئیتاڵیا، بەڵکوو بۆ رزگارکردنی ئەو تۆپی پێیەی دەچێت کە لە خەمۆکی و بێئومێدیدا دەژی.



