هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکەی ریال مەدرید؛ کێ دەڕوات و کێ دەمێنێتەوە؟
دوای وەرزێکی سپی؛ ریال مەدرید شۆڕشێکی گەورە لە ڤاڵدێبێباس رادەگەیەنێت

یاریگا –
دوای شکستە تاڵەکەی بەرامبەر بایرن میونشن و تەواوبوونی وەرزەکە بەبێ هیچ نازناوێک، بوومەلەرزەیەک ڤاڵدێبێباس دەهەژێنێت.
کورسیی راهێنەر: ئاربێلۆا بەرەو ماڵئاوایی و سکالۆنی لەسەر هێڵە
رووخساری ئالڤارۆ ئاربێلوا لەسەر پاسی یانەکە هەموو شتێکی روونکردەوە و لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەش دانی بەوەدانا کە هەر بڕیارێکی یانەکە قبووڵ دەکات.
پێگەی ئێل مۆندۆ پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاربێلوا بۆ وەرزی داهاتوو بەردەوام نابێت.
La reconstrucción que llega en el Madrid: nombres para sustituir a Arbeloa, jugadores intocables y en venta… Y puestos calientes en los despachos https://t.co/FqhFvZm8n4
— EL MUNDO (@elmundoes) April 16, 2026
بەربژێرەکان
ریال مەدرید بەدوای راهێنەرێکی خاوەن ناوبانگی جیهانیدا دەگەڕێت کە بتوانێت ئیگۆی ئەستێرەکان کۆنترۆڵ بکات.
لیۆنێل سکالۆنی و یۆرگن کڵۆپ؛ دووانە دڵخوازی پێرێز
نوێترین و گەرمترین ناوی ناو لیستەکەیە. سەرکەوتنەکانی لەگەڵ ئەرجەنتین پێرێزی سەرسام کردووە. کارگێڕیی مەدرید پێیان وایە سکالۆنی ئەو کەسایەتییە بەهێزەی هەیە کە بتوانێت کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی پڕ لە ئەستێرەی وەکوو ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و بێلینگهام بکات. سەرکەوتنە مێژووییەکانی لەگەڵ ئەرجەنتین و بردنەوەی مۆندیال و کۆپا ئەمریکا، وای کردووە فلۆرێنتینۆ پێرێز بە جدی بیری لێ بکاتەوە. کڵۆپ جگە لەوەی خەونی هاندەرانە، رێزێکی زۆریشی لای پێرێز هەیە و پێی سەرسامە بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
یاریزانە دەستکارینەکراوەکان و قوربانییەکان
کارگێڕیی یانەکە بڕبڕەی پشتی تیپەکەی دیاریکردووە کە بە هیچ جۆرێک نافرۆشرێن؛
بڕبڕەی پشت؛ تیبو کۆرتوا، ئیدێر میلیتاو، فێدرێکۆ ڤالڤێردی، ئاردا گولەر، جود بێلینگهام، ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ.
کاماڤینگا، قوربانییە گەورەکە؛ ئەمە شۆکی هەواڵەکەیە کە ئێل مۆندۆ بڵاویکردووەتەوە. کاماڤینگا کە پێشتر سوارچاکە دڵخوازەکەی پێرێز بوو، ئێستا لەسەر هێڵی رۆشتنە. کارتە سوورەکەی بەرامبەر بایرن و دابەزینی ئاستی وای کردووە یانەکە بیخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ کڕینی ناوەڕاستکارێکی نوێ وەکوو ماک ئالیستەر دابینبکات.
کۆتایی گرێبەستەکان؛ دەیڤد ئالابا و دانی کارڤاخال لە لێواری رۆشتندان، بەڵام ئانتۆنیۆ رودیگەر نزیکە لە نوێکردنەوە.
گەڕاوەکان؛ گەڕانەوەی ئیندریک مسۆگەرە و ئەگەری گەڕانەوەی نیکۆ پازیش زۆرە.
تەقینەوە لە ناو ئۆفیسەکاندا
بەگوێرەی زانیارییەکان، شۆڕشەکە تەنیا یاریگا ناگرێتەوە، بەڵکوو دەسەڵاتە کارگێڕییەکانیش دەهەژێنێت؛
جونی کالافات؛ ئەندازیاری گرێبەستە بەناوبانگەکانی مەدرید کە ڤینیسیۆس و رۆدریگۆی هێنا ئێستا پێگەی لاواز بووە. گرێبەستە نوێیەکانی وەکوو هاوسن، کارێراس و ماستانتۆنۆ نەیانتوانیوە ئاستی تیپەکە بەرز بکەنەوە و ئەگەری دوورخستنەوەی هەیە.
سانتیاگۆ سۆلاری؛ بەرێوبەری تۆپی پێی یانەکە، پێگەی زۆر لاواز بووە و پێشبینی دەکرێت ئەویش یانەکە جێبهێڵێت.
ئەنەس لاغراری؛ بازرگانی فەڕەنسی و متمانەپێکراوی پێرێز، دەسەڵاتی زیاتری پێ دراوە و ئەو داوای دووبارە بونیادنانەوەیەکی ریشەیی دەکات.



