لیڤەرپوول ناچارە ئەستێرەکانی بفرۆشێت؛ پلانی نوێی خاوەنەکانی رێدز بۆ بنیادنانەوەی تیپەکە چییە؟
خەزێنەی لیڤەرپوول بەتاڵ بووە..

یاریگا – ئاتلێتیک
پلانی مێرکاتۆی هاوینەی لیڤەرپوول کەوتووەتە ناو پشێوییەکی تەواوەوە، رێدز وەرزێکی خراپ بەڕێدەکات و تاوەکوو ئێستا 17 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان دۆڕانووە. لیڤەرپوول پێویستی بە دووبارە بنیادنانەوەیەکی گەورەی پێکهاتەکەیەتی، بەڵام بەهۆی سنوورداربوونی توانای دارایی و قەیرانێکی گەورەی پێکهاتەکەی دۆخەکە بەتەواوی ئاڵۆز بووە.
هوگۆ ئیکیتیکێ، هێرشبەری فەڕەنسی و گۆڵکاری یانەکە بەهۆی پچڕانی ماسوولکەی تەڵەزمە “ئەکیلس” زیاتر لە 9 مانگ دووردەکەوێتەوە و تاوەکوو 2027 ناگەڕێتەوە، بۆیە یانەکە دەبێت بیر لە گواستنەوەی هێرشبەرێکی دیکە بکاتەوە.

لەلایەکی دیکە ئاڕنە سڵۆت، راهێنەری هۆڵەندی یانەکە شەڕ لەپێناو پاراستنی پۆستەکەی دەکات. تۆڕی وەرزشی یاریگا شیکارییەکی ورد بۆ دۆخی ئێستای لیڤەرپوول دەکات و ئەو شتانە دەخەینە روو کە یانەکە پێویستە لە هاویندا بیانکات.

بەربەستی دارایی: بفرۆشە و بکڕە
لیڤەرپوول دوای ئەوەیە لە هاوینی رابردوو 450 ملیۆن یۆرۆی خەرجکرد و ریکۆردێکی مێژوویی لە خەرجکردنی پارە لە یەک مێرکاتۆ شکاند، ئێستا خەزێنەی یانەکە بەتاڵ بووە، خاوەنەکانی لیڤەرپوول باش دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن یاریزانی نوێ بگوازنەوە پێویستە دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببن.
ئاڕنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول دانی بەوەداناوە، گواستنەوەی یاریزانی نوێ لە هاوینی داهاتوو سەختە، چونکە پەیداکردنی پارەی نەختینەیی ئاستەنگێکی گەورەیە، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی بۆ فرۆشتن گونجاون ژمارەیان کەمە، سەرنەکەوتنی یانەکە بۆ وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دۆخی دارایی یانەکە سەختتریش دەکات.

گۆڵپارێزەکان: دۆزینەوەی سەقامگیری
کێشەی ئالیسن: ئالیسن بایکەر هێشتا پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی پێکانە زۆرەکان 13 یاریی وەرزەکەی لەدەستداوە، پێشبینی دەکرێت گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە نوێبکاتەوە و تاوەکوو هاوینی 2027 بمێنێتەوە.

شوێنگرەوەکە: جیۆرجی مامارداشڤیڵی کە بە 29 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە رێدز کردووە، لە چەند یارییەک ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، بەڵام کێشەی لە دابەشکردنی تۆپدا هەیە، ئەمەش وایکردووە ناسەقامگیری لە هێڵی بەرگری دروست بکات و پێویستە بۆ وەرزی داهاتوو ئاستی باشتر بکات.

هێڵی بەرگری: کێشەی گرێبەستەکان و چارەسەرە کاتییەکان
دڵی بەرگری: نوێکردنەوەی گرێبەستی ئیبراهیما کۆناتێ لەپێشینەی کارەکانی لیڤەرپوول دەبێت بەرلەوەی لە مانگی حوزەیران گرێبەستەکەی بەسەربچێت، لە کاتێکدا ڤێرجیڵ ڤان دایک پێ دەنێتە کۆتا ساڵئگرێبەستەکەی، لەدەستدانی کۆناتێ بۆشاییەکی گەورە لە هێڵی بەرگری لیڤەرپوول دروست دەکات.
قەیرانی باڵەکانی بەرگری: بەهۆی رۆیشتنی ئاندرو رۆبێرتسن، لیڤەرپوول پێویستی بە گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی چەپ هەیە بۆ یەدەکی میڵۆش کێرکێزی ئاستبەرز، لە باڵی راست پێکانی کۆنۆر بڕادلی و دابەزینی ئاستی جێرێمی فریمپنگ وایکردووە دۆمینیک سۆبۆسلای، ناوەڕاستکاری تیپەکە بەناچاری لە باڵی راستی بەرگری یاریی بکات، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە و ناکرێت بەوشێوەیە بەردەوامبێت.

هێڵی ناوەڕاست: لەدەستدانی بزوێنەرەکە
دابەزینی ئاست: ئاستی هێڵی ناوەڕاستی لیڤەرپوول کە نازناوی وەرزی رابردووی یەکلایی کردەوە وەکوو خۆی نەماوە، ئاستی ئالێکس ماک ئالیستەر، ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، باس لەوە دەکرێت سەرنجی ریال مەدریدی راکێشاوە، کێرتز جۆنزیش بەهۆی کەمی خولەکی یاریکردن بێهیوا بووە.

خاڵی ئەرێنی: رایان خراڤنبێرخ، ناوەڕاستکاری هۆڵەندی یەکێکە لەو یاریزانانای ئاستی جێگیرە و پارێزگاری لە پۆستەکەی کردووە، یانەکەش متمانەی هەیە فلۆریان ڤیرتز، یاریزانە 116 ملیۆن پاوەندییەکە وەرزی داهاتوو زیاتر خۆی دەسەلمێنێت و ئاستی راستەقینەی پێشکەش دەکات.
پێداویستییەکان: لیڤەرپوول لەم وەرزە لە هێڵی ناوەڕاست کەموکوڕی هەبووە، لە مێرکاتۆی هاوینە پێویستی بە یاریزانی نوێیە، ئیڵیەت ئاندرسن، ناوەڕاستکاری نۆتینگهام و ئادەم وارتن، ناوەڕاستکاری کریستاڵ پاڵاس، دوو بەربژێری سەرەکین کە لیڤەرپوول دەیەوێت گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکات.

هێرشبەران: کۆتایی سەردەمێک
ماڵئاوایی محەمەد سەڵاح: کاروانی ممحەمەد سەڵاح، ئەفسانەی لیڤەرپوول بەرەو کۆتاییەکی نائومێدکەر دەچێت، سەڵاح بەهۆی دابەزینی ئاستی و دروستبوونی گرژی لەگەڵ ئاڕنە سڵۆت، گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول هەڵدەوەشێنێتەوە و لەکۆتایی ئەم وەرزە بەفەرمی ماڵئاوایی لە رێدز دەکات.
گرێبەستە شکستخواردووەکان: لە هاوینی رابردوو لیڤەرپوول 320 ملیۆن پاوندی لە گواستنەوەی سێکووچکەی ئالێکساندەر ئیزاک، هوگۆ ئێکیتیکێ و فلۆریان ڤیرتز خەرجکرد، بەڵام هەرزێ یاریزانەکە تەنیا 116 خولەک بەیەکەوە یارییان کردووە. هێرشبەرە فەڕەنسییەکە تاوەکوو 2027 ناگەڕێتەوە و فشارەکان دەکەونە سەر ئیزاک، کە لە 19 یاریی تەنیا سێ گۆڵی کردووە.
بڕیاری کۆتایی: لە کۆتایی ئەم وەرزە فێدێریکۆ کیێزا، هێرشبەری ئیتاڵی، لیڤەرپوول جێدەهێڵێت، ئاستی کۆدی خاکپۆ، هێرشبەری هۆڵەندیش دابەزیووە، ئەگەر لیڤەرپوول بیەوێت وەرزی داهاتوو کێبڕکێی نازناوەکان بکات پێویستە یاریزانێکی باڵی راست و هێرشبەرێکی سەرەڕم بگوازێتەوە.
Liverpool already had a big summer ahead of them.
It just got more complicated after Hugo Ekitike’s injury.@JamesPearceLFC looks at the summer window:
♦️ How Ibrahima Konate’s contract impacts plans
♦️ What Ekitike’s injury means
♦️ Goalkeeper and midfield outlook— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) April 16, 2026



